Mehmet Burak Karacaoğlu,Ahmet Karaahmet
12 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2021
ئیدلب - AA
ئاوارەکانی پارێزگای ئیدلب، کە لە دەست هێرش و توندوتیژیەکانی رژێمی بەشار ئەسەد ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و لە کەمپەکاندا ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن، بەمەبەستی دابینکردنی بژێوی ژیانیان هەموو هەوڵ و تەقەلایەکیان خستووەتەگەڕ.
محەمەد قتيش، کە دوو ساڵ پێش ئێستا بەهۆی هێرشەکانی رژێمی ئەسەدەوە دەربەدەربووە، لە یەکێک لە چادرەکانی نێو کەمپەکەدا دووکانێکی یاری منداڵانی کردووەتەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، قتیش ئاماژەی بەوە کرد کە دووکانەکەی بە قەرز کردووەتەوە و، رایگەیاند: ''دووکانی یاریەکە ئاسوودەم دەکات. لە قوڕ و تەپ و تۆزی کەمپەکە دوورم دەخاتەوە. ئەو ناخۆشیانەم لەبیر دەباتەوە کە بەسەرم هاتووە''.
قتیش ئەوەشی خستەڕوو کە هیچ شتێک بە یاریشەوە ناتوانن ئازاری منداڵە ئاوارەکان دامرکێننەوە.
ئەحمەد خەتیب کە منداڵێکی ١٣ ساڵی نێو کەمپەکەیە، باسی لەوە کرد کە وەک منداڵانی دیکە حەز بە یاری دەکات، بەتایبەتی حەز دەکات ببێتە خاوەنی باسکیلێک بەڵام خانەوادەکەیان پارەی ئەوەیان نییە یاری پێ بکڕن، ئەگەر پارەیان هەبێت نانی پێ دەکڕن.
ــ رەوشی ئیدلب
لە دانوستانەکانی ئاستانادا کە لە ٤-٥ی ئایاری ٢٠١٧ بە بەشداری تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەچوو، بڕیاردرا چوار "ناوچەی کەمکردنەی گرژیی" دروست بکرێن، بە تایبەتی لە ئیدلب و ھەندێک ناوچەی پارێزگاکانی دەورووبەری (لازقییە، حەمما و حەلەب)، لەگەڵ باکووری پارێزگای حومس، غوتەی رۆژھەڵات و ناوچەکانی باشووری سووریا (پارێزگاکانی دەرعا و قونەیترا).
بەڵام رژێمی بەشار ئەسەد و تیرۆریستانی پشتیوانکراو لەلایەن ئێران بە پشتیوانی ئاسمانیی رووسیا لەو چوار پارێزگایە سیانیان کۆنترۆڵ کرد و روویان کردە ئیدلب، دواتر لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا تورکیا و رووسیا بۆ بەھێزکردنی ئاگربەستی سووریا رێککەوتنی سۆچی-یان واژوو کرد.
رووسیا و ھێزەکانی رژێم لە ئایاری ٢٠١٩دا، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنیان دەستپێکرد و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر ناوچەی نیشتەجێبوونی ناو ناوچەی کەمکردنەی گرژیی.
دوایین جاریش تورکیا و رووسیا لە پێنجی ئاداردا لە مۆسکۆ رێککەوتنێکی نوێیان واژوو کرد.
ئاگربەستەکە کە لە لایەن هێزەکانی ئەسەدەوە ناو بە ناو پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەکی بەرچاو پارێزراوە.
لە ماوەی ٢٠١٧-٢٠٢٠ نزیکەی دوو ملیۆن کەس بە هۆی هێرشەکانی رووسیا و هێزەکانی رژێمەوە ناچاربوون ئاوارەی ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا ببن.