Mahmut Nabi,Zana Natık Kerem
05 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2020
ئیدلب ــ AA
لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستاندا، ژیانی ئاوارەکان لە کەمپەکانی ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا، بە جۆرێک سەخت و دژواربووە، سێ برای نیشتەجێی کەمپی ئاوارەکان لە ئیدلب بە شەو رۆژ خەریکی کۆکردنەوەی کارتۆنی بەتاڵ و کاغەزن بۆ ئەوەی شەوانە لە بری سووتەمەنی، بیان سووتێنن تا خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە.
لەمبارەیەوە باوکی ئەو سێ منداڵە، بیلال عەبدو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لەگەڵ خێزانەکەی ناچاربوون ماڵەکەیان لە شارۆچکەی سەراقب لە ترسی بۆردومانەکانی ھێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد جێ بھێڵن و وەک ئاوارە روویان لە کەمپی رەحمە لە باکووری ئیدلب کردووە.

بیلال عەبدو باسی لەوەشکرد کە بەھۆی ھاتنی وەرزی زستان و سەرماسۆڵە و باران بارینەوە، دووچاری ژیانێکی سەخت و دژوار بوونەتەوە و گوتی:
"سێ منداڵم بە شەو رۆژ خەریکی کۆکردنەوەی کارتۆنی بەتاڵ و کاغەزن بۆ ئەوەی شەوانە لە بری سووتەمەنی، بیان سووتێنین تا خۆمانی پێ گەرم بکەینەوە".
لای خۆیەوە یەکێک لەو سێ برایە بە ناوی سامر عەبدو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و رایگەیاند کە لە ترسی بۆردومانی ھێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد لە شارۆچکەی سەراقب ئاوارە بوون و لە کەمپی رەحمە نیشتەجێن و گوتی: "لەئێستادا کە وەرزی زستانە بەھۆی سەرماو سۆڵەوە، رووبەڕووی ژیانێکی سەخت بووینەتەوە و تەنانەت ھیچ سووتەمەنیمان نییە تا خۆمانی پێ گەرم بکەینەوە لە بری ئەوە کارتۆنی بەتاڵ و کاغەز کۆدەکەینەوە کە شەوانە بیان سووتێنین و خۆمانی پێ گەرم بکەینەوە".
ــ رەوشی ئیدلب
لە دانوستانەکانی ئاستانادا کە لە ٤-٥ی ئایاری ٢٠١٧ بە بەشداری تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەچوو، بڕیاردرا چوار "ناوچەی کەمکردنەی گرژیی" دروست بکرێن، بە تایبەتی لە ئیدلب و ھەندێک ناوچەی پارێزگاکانی دەورووبەری (لازقییە، حەمما و حەلەب)، لەگەڵ باکووری پارێزگای حومس، غوتەی رۆژھەڵات و ناوچەکانی باشووری سووریا (پارێزگاکانی دەرعا و قونەیترا).
بەڵام رژێمی بەشار ئەسەد و تیرۆریستانی پشتیوانکراو لەلایەن ئێران بە پشتیوانی ئاسمانیی رووسیا لەو چوار پارێزگایە سیانیان کۆنترۆڵ کرد و روویان کردە ئیدلب، دواتر لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا تورکیا و رووسیا بۆ بەھێزکردنی ئاگربەستی سووریا رێککەوتنی سۆچی-یان واژوو کرد.
رووسیا و ھێزەکانی رژێم لە ئایاری ٢٠١٩دا، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنیان دەستپێکرد و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر ناوچەی نیشتەجێبوونی ناو ناوچەی کەمکردنەی گرژیی.
دوایین جاریش تورکیا و رووسیا لە پێنجی ئایاردا لە مۆسکۆ رێککەوتنێکی نوێیان واژوو کرد.
