23 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2020
واشنتۆن ــ AA
نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا، جێمس جێفری سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای قەیسەر لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە رایگەیاند كە ئامانج لە جێبەجێكردنی یاساكە، رووخاندنی ئابووری سووریا نییە.
جێمس جێفری لە میانی بەشداریكردنی لە پانێڵێك كە لەلایەن پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە لە واشنتۆن سازكرا سەبارەت بە یاسای قەیسەر دوا.
لەمبارەیەوە نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا، جێمس جێفری جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە یاسای قەیسەر وەك هاوسەنگیەك لەگەڵ بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەركراوە، چونكە رژێمی بەشار ئەسەد بەهیچ شێوەیەك بە ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵ هەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا نەكردووە.
جێمس جێفری باسی لەوەیش كرد كە واشنتۆن هەوڵی رووخاندنی ئابووری سووریا نادات وەك رژێمی بەشار ئەسەد بانگەشەی بۆ دەكات و گوتی: "رژێمی بەشار ئەسەد هۆكاری دابەزینی بەهای لیرەی سوورییە، هەرچی هەوڵ و توانای هەیە لەوبارەیەوە خستوویەتیەگەڕ".
گوتیشی: "واشنتۆن لە كۆنگرەی بەهاناچوونی مرۆیی كە لە كۆتایی ئەم مانگە لەلایەن یەكێتیی ئەورووپاوە ساز دەكرێت، بڕە پارەیەك وەك یارمەتی دارایی بۆ سوورییەكان تەرخان دەكات".
یاسای "قەیسەر" لە 17ی ئەم مانگەدا چووە واری جێبەجێكردنەوە كە لە میانیدا، واشنتۆن سزای توندی بەسەر 39 كەس و قەوارە بەهۆی پاڵپشتكردنیان لە رژێمی بەشار ئەسەد-دا سەپاند.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرای كردبوو سزا نوێیەكان، رژێمی بەشار ئەسەد و هاوسەرەكەی دەگرێتەوە كە بە ئەندازیاری نەهامەتییەكانی گەلی سووریا وەسفی كردبوون.
بەپێی یاسای قەیسەر، هەر كەس و لایەنێك مامەڵە لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد-دا بكات ئەوا لەلایەن ئیدارەی ئەمریكا سزای دارایی بەسەردا دەسەپێندرێت.