Mustafa Melih Ahıshalı,Mohammed Baqi Hussein
25 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2019
ئیستانبوڵ - AA
بە هۆی لافاوەوە لە ئێران، 11 كەس گیانیان لەدەستدا و 35ی دیكەش برینداربوون.
تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، بە هۆی بارانی زۆرەوە لە شەقامی قورئانی كەریم لە شاری شیراز، لافاو ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی راپێچكردووە و لە ئەنجامدا 11 كەس گیانیان لەدەستداوە و 35ی دیكەش برینداربوون.
دەستبەجێ تیمەكانی فریاكەوتن رەوانەی شوێنەكە كران.
لە لایەكی دیكەوە سەرۆكی ناوەندی زانیاری و هاتوچۆی رێكخستنەكانی ئاسایشی ئێران، نادر رەحمانی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی ISNA رایگەیاند کە لە شەقامی قورئانی كەریم، زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێل بە هۆی لافاوەوە تێكشكاون.
بە هۆی ئەو شەپۆلە بەخوڕەی باران بارین کە هەفتەیەكە باكوور و باكووری رۆژئاوا و باشوور و باشووری رۆژئاوای ئێرانی گرتووەتەوە، چەندین بەنداو و پرد رووخاون و بەو هۆیەوە سەدان ماڵ ژێرئاو كەوتووە.