تاران
بە تاوانی كوشتن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئێران ژنێك لە سیدارە درا. بەپێی روونكردنەوەیەكی دادگای شۆرشی تاران، بەتاوانی كوشتنی بە ئەنقەستی د. مورتەزا سەربەندی تەمەن 47 ساڵ كارمەندی پێشووی هەواڵگری، كە بازرگانی بەرهەمەكانی دەرمانی دەكرد، رەیحانە جەباری مەلایەری حەوت ساڵ لەمەو پیش دەستگیركرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گرتوخانەی رەجایی شەهر سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
مەلایەری كە دانی بە تاوانەكەدا نابوو، بانگەشەی ئەوەی كردبوو كاتێ بۆ چارەسەری پزیشكی سەردانی سەربەندی دەكات خۆی نیشان دابوو بەڵام سەربەندی ویستبووی دەستدرێژی بكاتە سەر لەبەرئەوە كوشتوویەتی.
جەباری لە كاتی ئەو رووداوە 19 ساڵی تەمەن بووە.
خانەوادەی تاوانبارەكە باس لەوە دەكەن، ئەو چەقۆیەی تاوانەكەی پێ ئەنجام دراوە پیشتر كڕیویەتی، هەروەها لە پۆستەیەكی ئەلكترۆنیشدا كە بۆ هاوڕێكەیی ناردووە تاوانبارەكە نوسیویەتی سبەینێ دەیكوژم. ئەمەش ئەوە دەردەخات كە تاوانەكە بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕیژراو بووە.
بەهۆی چەقۆ لێدان لە نێوان شانی قوربانیەكە و پیشتر ئاگادار كردنەوەی هاوڕێكەی بە پۆستەی ئەلكترۆنی بۆ ئەنجامدانی تاوانەكە و نەبوونی هیچ بەڵگەیەكی بەرجەستە بۆ ئەو بانگەشەیی دەیكات گوایە قوربانیەكە ویستویەتی دەستدریژی بكاتە سەر، دادگا كەیسەكەی بە ئەنقەست كوشتن لە قەڵەمدا و بریاری لەبارەیەوە دەركرد.
مەلایەر لە مانگی نیساندا سزای لە سیدارەدانی بۆ دەركرا، بڕیارەكەش لەلایەن رێكخراوە جۆربەجۆرەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رەخنەی لێ گیرا. ئەحمەد شەهید رێپۆرتەری تایبەتی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئیران داوای لە دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران كردبوو سزای لە سێدارەدانی جەباری هەڵگرن.
دیوانی بەرزی دادوەری كۆماری ئیسلامی ئەو بڕیارەی دادگای تارانی پەسەند كردبوو.رەیحانە جەباری مەلایەر لە كۆمپانیایەكی تایبەت بە دیكۆرات كاری دەكرد.