Haydar Şahin
23 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2022
تاران-AA
بەهۆی کارەساتی لافاوەکەوە لە پارێزگای فارس باشووری ئێران، ٢٠ گیانیان لەدەست دا و سێی دیکەش تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (İRNA)، بەڕێوەبەری ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای فارس، خەلیل عەبدوڵڵاھی سەبارەت بە کارەساتی لافاوەکە لێدوانێکی دا.
عەبدوڵڵاهی ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆی ٢٣ کەس ٢٠ کەس لە لافاوەکانی دەوروبەری شارەکانی ئیستەهبان و داراب سەربە پارێزگای فارس گیانیان لەدەستدا، سێ کەس بێسەروشوێن بوون و ١٥ ئۆتۆمبێلیش ژێرئاو کەوتن.
بەڕێوەبەری ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای فارس ئەوەیشی ئاشکرا کرد، بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی ناوچەکەی گرتەوە، بە خێرایی ئاوی رووباری رودباڵ سەرڕێژ بوو و لە ئاکامدا ٥٥ کەس کە لە ئاودا گیریان خواردبوو رزگارکران و هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامە بۆ ئەو سێ کەسەی کە بێسەروشوێنن.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی مانگی سووری پارێزگای فارس، حوسێن دەروێشی رایگەیاند کە هەوڵەکانی گەڕان لە ئیستەهبان بە بەشداریی ٢٢ تیم و ١٢٥ کارمەند بەردەوامە و ٧٤ کەسیش رزگارکراون.
دەروێشی رایگەیاند، ٥١ ماڵ بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و هاوکارییەکان دەگەیەندرێتە زیانلێکەوتووان و لێقەوماوان.