Zana Natık Kerem
08 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2017
تاران ــ AA
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند كە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەی كە دوێنێ كرانە سەر پەرلەمانی ئێران و مەزارگەی ئیمام خومەینی لە تاران، سەر رێكخراوی تیرۆریستی داعشن و هەر بۆ بەرژوەندی رێكخراوەكە لە سووریا و عێراق شەڕەیان كردبوو.
لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی ئێرنای فەرمی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ناسنامەی هێرشبەرەكانی سەر پەرلەمانی ئێران و مەزارگەی ئیمام خومەینی ئاشكرا كردووە كە ئەمە ناوەكانیانە، ئەبو جیهاد، قەیوم، فەرەیدون، سریاس و رامین.
وەزارەتی ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە كە لەبەر هۆكاری ئەمنی ناوی تەواوی هێرشبەرەكان رانەگەیاندووە.
وەزارەتەكە ئەوەشی خستووەتە روو كە ئەو هێرشبەرانە سەرجەمیان پێشتر سەربە گرووپی توندڕەویی وەهابییەکان و دواتر و پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە چوونەتە دەرەوەی وڵات و بۆ داعش لە رققە و مووسڵ شەڕیان كردبوو.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران راشیگەیاندووە كە پێنج هێرشبەرەكە لە ئابی ساڵی ٢٠١٦، هاتوونەتە ناو ئێرانەوە و لە ژێر فەرماندەیی ئەبو عائیشە بوون كە یەكێك لە سەركردەكانی داعش بوو كە دوای هەڵوەشاندنەوەی شانەكەیان لەگەڵ ژمارەیەك چەكداردا كوژرا.
هەر دوێنێ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا سوپای پاسدارانی ئێران، سعوودیە و ئەمریكای بەوە تۆمەتباری كردن كە لە پشت ئەنجامدانی دوو هێرشەكەون بەڵام وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر ئەو تۆمەتەی رەتكردەوە.
هەر دوێنێ ئەمریكا دوو هێرشەكەی تارانی ئیدانە كرد و سەرەخۆشیشی ئاراستەی كەسوكاری قوربانییەكان كرد.
دوێنێ دوو هێرشی كرانە سەر پەرلەمانی ئێران و مەزارگەی ئیمام خومەینی لە تاران كە بە پێی دوایین ئامار كە تۆمار كراون، ١٧ كەس كوژراون و ٥٢ی دیكەش بریندار بوون.
هەر دوێنێ، رێكخراوی داعش بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی دوو هێرشەكەی سەر پەرلەمانی ئێران و مەزارگەی ئیمام خومەینی لە تاران راگەیاند.