Mazın Asad
07 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 08 حوزەیران 2017
بەرلین - AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکل رایگەیاند لە دوای بڕیاری کشانەوەی سەربازانی ئەڵمانیا لە بنکەی سەربازیی ئینجیرلیک، پێویستە لەگەڵ تورکیا درێژە بە دیالۆگ بدەن.
مێرکڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بولگاریا، بۆیکۆ بۆریسۆڤ لە بەرلین، ھەڵسەنگاندنی لەبارەی بڕیاری کشانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە بنکەی سەربازیی ئینجیرلیک کرد.
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە رێگە بە سەردانیکردنی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا بۆ لای سەربازانیان لە دەرەوەی وڵات بدرێت و گوتیشی: "ئێمە(سەربازانی ئەڵمانی) بۆ ئوردن دەڕۆین".
مێرکڵ روونیشی کردەوە کە دوای ئەوەی ئەو پرسەیان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش تاوتوێکرد، ئێستا بەشێوەیەکی خێرا پرۆسەی گواستنەوەی سەربازانی ئەڵمانیا لە بنکەی سەربازیی ئینجیرلیک بۆ ئوردن ئەنجام دەدەن.
ئەنگێلا مێرکل ھەر لەوبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "ئەمە لە ھەمان کاتدا لە پرسی بەردەوام مشتومڕکردن لەگەڵ تورکیا دەردەچێت. لەجیاتی ئەمە لە کۆبوونەوەکاندا لەسەر پرسی دیکە چڕدەبینەوە. بابەتێکی زۆر ھەیە باسی لێوە بکرێت. من ئەم ھەنگاوە وەک دۆخێکی خراپ نابینم".
راوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو دۆخە بەھۆی گەرەنتی نەدان لە سەردانیکردنی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا بۆ تورکیا ھاتووە ئاراوە و گوتیشی: "پێویستە لەگەڵ تورکیا درێژە بە دیالۆگمان بدەین".
- "لەگەڵ تورکیا زنجیرەیەک بەرژوەندی ھاوبەشمان ھەیە"
مێرکل بە پێویستی زانی دۆخی پەنابەران لە شوێنی خۆی باشتر بکرێت و زیاتر گوتیشی: "پێویستە لەگەڵ تورکیا تاوتوێی ھۆکاری ھەڵاتنی مرۆڤەکان بکەین. دروستکردنی دیوار بە تەنھا بۆ رێگریکردن لە کۆچ بەس نییە. بۆیە لەگەڵ تورکیا زنجیرەیەک بەرژوەندی ھاوبەشمان ھەیە. لە سەرووی ئەمە خاوەن پەیوەندیی ئابووری نزیکین. بۆیە پێویست بە کراوەیی پەیوەندی ھەیە".
هاوکات سەرۆکوەزیرانی بولگاریا، بۆیکۆ بۆریسۆڤ ئاماژەی بەوە دا کە رووداوێکی زۆری نەرێنی لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا ھاتە ئاراوە و راشیگەیاند بەم نزیکانە سەردانی تورکیا دەکات و ھەوڵەکانی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان دەخاتەگەڕ.
بۆریسۆڤ راشیگەیاند تورکیا وڵاتێکی گەورەیە و پەیوەندیی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیھان ھەیە.