11 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2020
تاران - AA
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئێران رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی بە هەڵە فڕۆکە ئۆکراینییەکەی لە کاتی تێپەڕبووبی بە ئاسمانی ناوچەیەکی سەربازی خستووەتە خوارەوە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، دەستەیەکی شارەزایی پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵێنەوە لە کاریگەری هەنگاوە سەربازییەکان بەرامبەر کەوتنەخوارەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە دوای هێرشە مووشەکییە بۆسەر بنکەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق نرابوو.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای ئێران لەوپەڕی ئامادە باشیدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشە و هێرشێک دوای هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا و سوپاکەی کە رایانگەیاندبوو وەڵامی ئەو هێرشە مووشەکییە دەدەنەوە کە کرایە سەر بنکەکانیان لە عێراق".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێران بەهەڵە مووشەکێکی ئاراستەی فڕۆکە ئۆکراینییەکەی کردووە لە کاتی تێپەڕبوونی بە ئاسمانی ناوچەیەکی سەربازیی و خستوویەتە خوارەوە.
لە ٨ی ئەم مانگە فڕۆكهیهكی سەربە هێڵی ئاسمانی ئۆكراینا له جۆری "Boeing 737" کە له فڕۆكهخانهی ئیمام خومهینی-یەوە بهرهو كییڤ-ی پایتهختی ئۆكراینا گهشتی دەکرد، دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی بههۆی كێشهی تهكنیكییهوه لە تاران كهوتەخوارهوه.
دوای رووداوەکەش گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی ئێران، قاسم بینیاز رایگەیاندبوو کە سەرجەم سهرنشینانی ناو فڕۆكهکەی سەربە هێڵی ئاسمانی ئۆكراینا كه له نزیک تارانی پایتهخت كهوتهخوارەوە و ژمارەیان ١٧٦ کەس بوو گیانیان لەدەستداوە.