Zana Natık Kerem
01 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2018
تاران ــ AA
كەناڵی تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی كردەوە، لە میانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەكان كە بە هۆی خراپی بژێوی ژیان و رەوشی ئابووری، زۆربەی شارەكانی ئێرانی گرتووەتەوە، ١٢ خۆپیشاندەر كوژراون كە ١٠یان شەوی رابردوو لە میانی رووبەڕووبوونەوە و پێكدادانەكان، بووە.
ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشەیتێد پرێس لە كەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئێرانی گواستووەتەوە، هێزە ئەمنییەكانی ئێران بە توندی رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە کە بە چەكەوە هەوڵیانداوە دەست بەسەر بنكەكانی پۆلیس و سوپادا بگرن.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە ١٠ خۆپیشاندەر لە میانی رووبەڕووبوونەوە و پیكدادانەكانی شەوی رابردوو، كوژراون و دووانەكەی دیكە رۆژی شەممەی رابردوو لە رۆژئاوای ئێران كوژرابوون.
ئاژانسەكە روونی نەكردووەتەوە، ئەو هێرشانەی كە خۆپیشاندەران لە میانی هەوڵیانداوە دەست بەسەر بنكەكانی سوپا و پۆلیسدا بگرن لە کام شاری ئێران روویانداوە.
ئەو سەرچاوەیە بڵاوی كردووەتەوە، لە ژمارەیەك گرتەی ڤیدیۆییدا كە لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوكراونەتەوە دەركەوتووە، ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەر هێرش دەكەنە سەر بنكەكانی پۆلیس و هاوكات لە ژمارەیەك وێنەدا ئەوە نیشاندراوە كە ژمارەیەك خۆپیشاندەری دیكە بە شێوەیەكی ئاشتیانە ناڕەزایی دەردبڕن و سڵاو لە هێزەكانی پۆلیس دەكەن.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە ھۆی خراپی بژێوی ژیان و رەوشی ئابووری، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شارەكانی مەشھەد و چەند شارێکی ئێران دەستی پێكردبوو و دواتر ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتەی گرتەوە.
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان بڵاویان كردبوویەوە كە لە میانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان تا ئێستا، ٣٧٧ خۆپیشاندەر لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە، دەستگیر كراون.