Muhammet Kurşun
08 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2020
تاران- AA
هەڵواسرانی ئاڵای ئیسرائیل و نووسراوی "سوپاس مۆساد" لەسەر پردێکی تارانی پایتەختی ئێران، هەرای ناوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو گرتانەی ئێرانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردوونەتەوە، لەسەر پردێکی رۆژئاوای تاران، ئاڵای ئیسرائیل هەڵواسراوە و لە تەنیشتیشیەوە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە "سوپاس مۆساد".
ئەم کارە لە کاتێکدایە کە کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر زانای ئەتۆمی ئێران، موحسین فەخریزادە تیرۆر کرا.
تا ئێستاش بەرپرسانی حکوومەتی تاران، هیچ روونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە نەداوە.
رۆژی ٢٧ی تشرینی دووەمی رابردوو، زانای ئەتۆمی ئێران، موحسین فەخریزادە لە شارۆچکەی ئابسەرد سەربە پارێزگای تاران لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا تیرۆر کرا.
بەرپرسانی ئێران، پەنجەی تۆمەتیان بۆ ئیسرائیل درێژ کرد.
کاتێکیش لە بارەی رووداوەکەوە پرسیار لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو کرا، ناوبراو هیچ روونکردنەوەیەکی نەدا و تەنها گوتی: "رۆژانێکی ئاڵۆز چاوەڕێمانن".