Muhammet Ali Kemal
29 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2017
ئیستانبوڵ- AA
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە یاساغی خستەسەر چوونە ژوورەوەی هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی موسوڵماننشین بۆ وڵاتەکەی، حکوومەتی تاران ئاشکرایکرد تا ئەو کاتەی ئەو بڕیارە لە واری جێبەجێکردندا بێت، ئەوان رێگە نادەن هاووڵاتییانی ئەمریکی سەردانی ئێران بکەن.
لەراگەیەنراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە ''ئێران بەمەبەستی پاراستنی مافیان، تا ئەو کاتەی ئەو سنووردارکردنە سووکایەتی ئامێزە لەسەر هاووڵاتییانی وڵاتەکەی هەڵدەگیرێت، لەسەر بنەمای مامەڵەی هاوشێوە، هەڵوێست وەردەگرێت''.
لەراگەیەنراوەکەدا هاتووە ''ئەگەرچی سنووردارکردنی گەشتکردنی موسوڵمانان و بەتایبەت هاووڵاتییانی ئێرانی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەکی کاتییە کە سێ مانگە، بەڵام ئەمە سووکایەتییە بە وڵاتانی ئیسلامی و گەلی ئێران. بڕیارنامەکەی ئیدارەی ئەمریکا هەرچەندێک بە بانگەشەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی گەلی ئەمریکا دەرکرابێت، بەڵام بۆ لایەنگرانی توندڕەوی و پشتیوانانیان وەک 'خەڵاتێک'ی گەورە دەچێتە مێژووەوە''.