Ahmet Dursun
02 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە-AA
ئێران تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە وەڵامی ئەمریکا لەبارەی رەشنووسی رێککەوتنی کۆتایی دانوستانەکان کە بە نەخشەڕێگای کۆتایی دانوستانە ئەتۆمییەکان دادەنرێت و لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە پێشکەش کراوە، خستەڕوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە حکوومەتی تاران بەدواداوچوونی بۆ وەڵامی ئەمریکا سەبارەت بە رەشنووسی رێککەوتنی ئەتۆمی کردووە و وەڵامی رێکخەری دانوستانەکانی داوەتەوە.
کەنعانی راشیگەیاندووە "لە دەقە نێردراوەکەدا هەڵوێستێکی بنیاتنەر بەدیدەکرێت سەبارەت بەکۆتاییهێنان بە دانوستانەکان".
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤەدانت پاتێل لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: "پشتڕاستی دەکەینەوە کە وەڵامی ئێرانمان پێگەیشتووە. لێکۆڵینەوە دەکەین و وەڵامی گونجاو دەدەینەوە، بەڵام بەداخەوە وەڵامەکان بنیاتنەر نییە".
- رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و پرۆسەی دانوستانەکان
ئێران لەگەڵ پێنج ئەندامە هەمیشەیییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەڵمانیا لە ٢٠١٥دا واژۆی لەسەر رێککەوتنێک کرد کە رەزامەندی دەربڕی لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەریدا، چالاکییە ئەتۆمییەکانی بخرێتە ژێر چاودێرییەوە. دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ تاکلایەنە لە ٢٠١٨ لە رێککەوتنەکەدا کشایەوە و دەستی کردەوە بە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا، تارانیش بە شێوەیەکی قۆناغبەند بەڵێنەکانی بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنەکە راگرت و ژمارەیەک هەنگاوی نا بە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمیشەوە بە رێژەیەکی بەرز.
بۆ کارپێکردنەوە بە رێککەوتنەکە و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنەکە لە نیسانی ٢٠٢١ەوە بە هەماهەنگی یەکێتیی ئەورووپا دانوستانەکان لە ڤیەننا دەستیان پێ کرد و لە هەشتی ئاب دانوستانەکان کۆتاییان هات. دوای ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا رەشنووسی دەقی رێککەوتنەکەی پێشکەش کرد لەبارەی گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی لایەنەکان، بە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو ئاماژەی زۆر ئەرێنیتر لەئارادابوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ١٥ی ئاب تێڕوانینی خۆی لەبارەی پێشنیازەکەی یەکێتیی ئەورووپا خستە روو کە وەک دواهەمین رەشنووسی دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەشی کرد و رایگەیاند کە چاوەڕوانی وەڵامی ئەمریکا دەکەن لەمبارەیەوە.
ئهمریكا له ٢٤ی ئاب وهڵامی خۆی لهبارهی بۆچوونهكانی ئێران ناردبوو. وەزیری دەرەوەی ئێران لە ٣١ی ئاب لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، داوای دڵنیایی بەهێزتر دەکەن سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان و دووبارە نەکشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە.