Mustafa Melih Ahıshalı,Muhammet Ali Kemal
15 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2017
تاران- AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف ئاشکرای کرد تا ئەو کاتەی وڵاتەکەی لە رێگەی رێککەوتننامەی ئەتۆمییەوە فرۆشی نەوت زیادبکات و دەستبەری بەرژەوەندییەکانی بکات، پاپەندی رێککەوتننامەکە دەبێت.
محەمەد جەواد زەریف لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی حکوومیی ئێران، باسی لەوەکرد لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دژ بە ئێران، پێشێکردنی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەیە و گوتی:
''بەهۆی رێککەوتننامەکەوە ئاستی فرۆشی نەوتمان بەرزبووەتەوە. رێگە لەبەردەم کڕینی فڕۆکەی نوێدا کرایەوە. تا ئەو کاتەی بەرژەوەندییەکانمان دەستبەربکرێت، بە پابەندیی بە رێککەوتننامەکەوە، دەمێنینەوە''.
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف تیشکی خستە سەر ئەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمیی لە نێوان وڵاتەکەی لە لایەک و وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا لە لایەکی دیکەوە واژووکراوە نەک تەنها لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا و رایگەیاند ''ئەگەر بێت و دۆخێک بێتە پێشەوە کە نەتوانین سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین کە رێککەوتننامەکە فەراهەمی کردووە و نەتوانین دەستبەبەری بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان بکەین، ئەوا دووبارە دەگەڕێینەوە دۆخی پێشوو و بەردەوامین دەبین لەسەر بەرهەمهێنانی وزەی ناوەکیی لەو شوێنەی کە وەستاندبوومان''.