Rewa Mahmut Hasan
15 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2016
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەهرام قاسمی رایگەیاند کە وەزیری دەرەوە، محەمەد جەواد زەریف نوێنەرایەتی ئێران دەکات لە کۆبوونەوەی لۆزان تایبەت بە سووریا.
قاسمی لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، محەمەد جەواد زەریف بەشداری دەکات لە کۆبوونەوەی لۆزان کە بەنوێنەرایەتی وەزیرانی دەرەوەی ناوچەکە بەڕێوەدەچێت لەسەر پرسی عێراق و سووریا.
هاوکات ئاژانسی ئیرنا بڵاوی کردەوە کە محەمەد جەواد زەریف سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەرەو لۆزان بەڕێکەوتووە.
ئەمڕۆ ئەمریکا و رووسیا و تورکیا و ئێران و سعوودیە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆکاروباری سووریا لە شاری لۆزانی سویسرا کۆدەبنەوە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی قەیرانی سووریا و تاوتوێ کردنی رەوشی عێراق.