Haydar Şahin
18 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2023
تاران - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسر کەنعانی ڕایگەیاند، پێنج هاووڵاتی ئەمریکایی کە لە بەندیخانەکانی ئێراندا بوون، ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن.
کەنعانی لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا، لەبارەی ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لە نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا زانیاری بڵاو کردەوە.
کەنعانی گوتی: "پێنج بەندکراوی ئێرانی ئەمڕۆ لە بەندیخانەکانی ئەمریکا و لە بەرامبەریشدا پێنج بەندکراوی ئەمریکایی لە بەندیخانەکانی ئێران ئازاد دەکرێن".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی ئێرانییە ئازادکراوەکان دەچنە کوێ؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "دوو هاووڵاتی لەسەر داوای خۆیان دەگەڕێنەوە ئێران. یەکێکی دیکەیان دەچێتە وڵاتێکی دیکە کە خێزان و منداڵەکانی لەوێن و دوو کەسەکەی دیکەش لە ئەمریکا دەمێننەوە".
کەنعانی ئاشکراشی کرد کە پارە بلۆککراوەکانی ئێرانین لە کۆریای باشوور ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن.
میدیاکانی ئێران و ئەمریکا بڵاویان کردبوویەوە کە، لە بەرامبەر ئازادکردنی ٦ ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێران، هەردوو وڵات ڕێککەوتووین کە هاووڵاتییە بەندکراوەکانی یەکتریش ئازاد بکەن.
پێشتر کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە لە ١٠ی ئابدا پێنج هاووڵاتی ئەمریکی لە بەندیخانەکانی ئێران ئازاد کراون.