Islam Doğru
23 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2023
نیویۆرک – AA
دۆزینەوەی شەش بەڵگەی نهێنیی دیکە لە ماڵی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە دیلاویر راگەیەندرا.
پارێزەری تایبەتی بایدن، بۆب باوەر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە کارمەندانی ئێف بی ئای رۆژی هەینی ماڵی بایدن-یان لە ویلمینگتۆن پشکنیووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە گەڕان و پشکنینەکە نزیکەی ١٣ کاتژمێری خایاندووە و لە ئەنجامدا شەش بەڵگەی نهێنیی ئەو سەردەمەی کە بایدن سیناتۆر و جێگری سەرۆک بووە دۆزراوەتەوە.
ئاشکراشکراوە کە بەرپرسانی وەزارەتی داد بە مەبەستی لێکۆڵینەوە دەستییان بەسەر بەڵگە نوێکان گرتووە و بایدن بە شێوەیەکی خۆبەخشانە رێگەی داوە گەڕان و پشکنین لە ماڵەکەی ئەنجامبدەن.
زانیاری ئەوەش بڵاو کرایەوە کە لە کاتی گەڕان و پشکنینەکەدا سەرۆک بایدن و جیل بایدن-ی هاوسەری بە مەبەستی بەسەربردنی پشووی کۆتایی هەفتە لە ماڵ نەبوونە.
- "بەڵگەنامە نهێنییەکان"ی نوسینگەکەی بایدن
رۆژی دووشەممە، یەکێک لە راوێژکارەکانی بایدن بەناوی ریچار ساوبەر، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە نووسینگەکەی پێشووی جۆ بایدن-دا "ژمارەیەکی کەم بەڵگەنامەی نهێنی" هەن کە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٧ کاتێک بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە.
ریچارد ساوبەر، باسی لەوەش کرد کە بەڵگەنامەکان لە دووی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا و لە دۆڵابێکی کلیلدراودا دۆزراونەتەوە و راستەوخۆ دوای دۆزینەوەی بەڵگەنامەکانیش، پەیوەندی بە پارێزەرە تایبەتەکانی جۆ بایدن، کۆشکی سپی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەرشیڤی نیشتمانیی دەوڵەت کردووە و بەرپرسانی کۆشکی سپی دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو بەڵگانەدا کردووە.
لە بەرامبەریشدا جۆ بایدن، سەرسوڕمانی خۆی لە دۆزینەوەی بەڵگەنامەی نهێنی لە نوسینگەکەی راگەیاند و ئەوەی خستەڕوو کە لە بارەی ناوەرۆکی ئەو بەڵگانەوە هیچ زانیارییەکی نییە.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن دوای دۆزینەوەی بەڵگەی نهێنی لە ئەنجامی ئەو گەڕان و پشکنینەی کە کارمەندانی ئێف بی ئای رۆژی ٨ی ئابی ٢٠٢٢ لە ڤیلای مارالاگۆ-ی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە پاڵم پیچ دۆزیانەوە گوتبووی: "چۆن کەسێک ئەوەنە کەمتەرخەم دەبێت".
کۆمارییەکان، دوای دۆزینەوەی بەڵگەی نهێنی لە خانووەکانی بایدن کە لە سەر ئەو بابەتە رەخنەی لە ترەمپ گرتبوو، رەخنەکانیان لە سەرۆک بایدن زیاتر کرد.