Emirhan Demir,Damla Delialioğlu,Zeynep Katre Oran
12 تشرینی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2025
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد ئامانجی سەرەکی لووتکەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی بنیاتنانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە و، ڕایگەیاند: "بینیمان چەندین بەرژەوەندی هاوبەش وەک بەرژەوەندییەکانی ئاسایش و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان هەن کە بتوانین بینایان لەسەر بکەین".
شەرع کە لە ١٠ی تشرینی دووەمدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا بۆ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست دووا.
سەرکۆماری سووریا شەرع، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە گرنگترین ئامانجی سەردانەکەی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی بنیاتنانی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و ئەمریکایە، ئەوەیشی وەبیرهێنایەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا زۆر باش نەبووە.
شەرع باسی لەوە کرد بەدوای بەرژەوەندی هاوبەشدا لە نێوان ئەمریکا و سووریا دەگەڕێن و، ڕایگەیاند: "بینیمان چەندین بەرژەوەندی هاوبەش وەک بەرژەوەندییەکانی ئاسایش و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان هەن کە بتوانین بینایان لەسەر بکەین".
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد کە سەقامگیریی و ناسەقامگیریی سووریا کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت و، ڕایگەیاند: "سەقامگیریی پەیوەندی بە ئابوورییەوە هەیە، ئابووریی یان گەشەپێدانی ئابوورییش پەیوەندی بە لابردنی سزاکانەوە هەیە. ئەم گفتوگۆیە چەندین مانگە بەردەوامە و پێموایە گەیشتووینەتە ئەنجامی ئەرێنیی، بەڵام هێشتا چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایین".
شەرع ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئیسرائیل دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد هەژموونی لە سووریا زیاد کردووە و، دەستی بە فراوانکردنی داگیرکارییەکانی لە خاکەکانیدا کردووە، ئەوەیشی خستەڕوو کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە تا ئێستا، سەرنجیان لەسەر ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە بووە، لەبەرئەوە وەڵامی هێرشەکانی تەل ئەبیبیان نەداوەتەوە.
هەروەها شەرع باسی لەوە کرد کە داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە نییە، بەڵکو بەهۆی سیاسەتە فراوانخوازییەکانییەتی و، گوتی: "ڕاستەوخۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل دەکەین و، مەودایەکی گرنگمان لە ڕێگای گەیشتن بە ڕێککەوتن بڕیوە".
لە لایەکی دیکەوە، شەرع باسی لەوە کرد کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، پێویستە ئیسرائیل بکشێتەوە بۆ سنوورەکانی پێش هەشتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم دانوستانانە لەلایەن ترەمپ و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە پشتیوانی دەکرێت.
سەرکۆماری سووریا شەرع، ئەوەیشی خستەڕوو کە ئیدی سووریا توانای ئەوەی هەیە بە تەنیا بەردەوامی بە بەرەنگاربوونەوەی داعش بدات و، جەختی لەسەر ئەوەیش کردەوە بوونی گرووپە چەکدارەکان کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتدا نین، زەمینەیەکی گونجاو دەڕەخسێنن کە ڕێکخراوەکانی وەک داعش جارێکی دیکە بەهێز ببنەوە.
ڕاشیگەیاند: "گونجاوترین چارەسەر ئەوەیە سەربازانی ئەمریکا لە سووریا چاودێری پرۆسەی یەکخستنی (ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە کە ناوی هەسەدە بەکاردەهێنێت) بکەن. دەبێت پاراستنی خاکی سووریا لە ئەستۆی دەوڵەتدا بێت".