Sefa Mutlu
22 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنس ئەنجامدا.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لە میانی پەیوەندییەکەدا تاوتوێی رێکارەکانی پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و بەریتانیا، دوایین پێشھاتەکانی ئەفغانستان، پرسی کۆچ و بابەتە ناوچەییەکان کرا.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەيدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنس، ئاماژەی بەوە کرد کە کاری پێشینەی تورکیا لە ئەفغانستان، گەڕاندنەوەی ھاووڵاتیانییەتی و راگەیاند کە لە ئەگەری درووستبوونی ھەل ومەرجی گونجاو، ئەوە بەردەوامی بە بەرپرسیارێتی دابینکردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ دەدەن.
ئەردۆغان، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر بێت و رێکاری پێویست نەگردرێتەبەر ئەوە شەپۆلێکی دیکەی کۆچ روودەدات و جەختی لەوە کردەوە کە پێش ئەوەی کۆچی نایاسایی ئەفغانییەکان ببێتە قەیران، ئەوە پێویستە وڵاتانی ئەورووپا و ھەموو لايەنێك بە شێوەیەکی جددی ھاوکار بن و دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بابەتە کۆببێتەوە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەوەشی خستەڕوو بۆ ئەوەی کۆچ لە ئەفغانستانەوە نەبێتە ھۆکاری درووستبوونی تراژیدیای نوێى مرۆیی پێویستە لەسەر خاکی ئەفغانستان و وڵاتانی دراوسێیدا ھاوکاری بۆ ئەفغانییەکان دابینبکرێت و راشیگەیاند دەبێت کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکەی نەتەوەیەکگرتووەکان ھاوکارییە داراییەکانیان زیاد بکەن و رۆڵی کاریگەرتر ببینن، ئەمەش فشاری کۆچکردن کەمدەکاتەوە.