Ramal Mshmood
13 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2016
نیۆیۆرک - AA
چوار رۆژە لە دژی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سەرانسەری ئەو وڵاتە خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت.
لە دوای خۆپیشاندانەکەی 9ی ئەم مانگە لە نیۆیۆرک ئەمڕۆ نزیکەی ٢٠ هەزار کەس لە گۆڕەپانی Union لە مانهاتتان گردبوونەوە. لە شەقامی پێنجەمەوە بە هوتافکێشان و بەرزکردنەوەی دروشم بەرەو تاوەری ترەمپ چوون، لەکاتێکدا کارمەندان و بەشێک لە پۆلیسەکان لەناو تاوەرەکەوە سەیری خۆپیشاندەرانیان دەکرد، ئەوانیش بەدەنگی بەرزتر هوتافەکانیان دەگوتەوە.
خۆپیشاندەران دروشمەکانی "ژنی بەهێز، جیهانی بەهێز"، "مسوڵمانان بەخێرهاتن"، "وڵاتێک نییە بۆ پیاوی پیری سپی"، "داکۆکی لە مافەکانت بکە"، "بە خەڵکی جیهانی بسەلمێنە دەنگدانت چییە"، "سەرۆکی ئێمە نییە" بەرزکردبووەوە و هوتافەکانی "سەرۆکی من نیت"، "نا بۆ ترەمپ، نا بۆ فاشیست لە ئەمریکا"، "ژیانی رەشپێستەکان گرنگە" دەکێشا.
رێوشوێنی ئەمنی توند لە لایەن تیمەکانی پۆلیسەوە گیرایە بەر، بەڵام خۆپیشاندەران رێگای هاتوچۆی تاوەری ترەمپیان گرت.
لەلایەکی دیکەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی ترەمپ لە لۆس ئەنجلۆس و شیکاگۆش ئەنجام درا.
خۆپیشاندەر پاوڵ سوان، گوتی: "گوتەکانی ترەمپ لەبارەی کۆچبەران، مسوڵمانان، مافەکانی ژنان قبوڵ ناکرێن".
خۆپیشاندەر ئەتان کە نەیویست پاشناوی خۆی ئاشکرا بکات، گوتی: "خەڵکی نیۆیۆرک زۆر هۆشیار و بەئاگایە. ترەمپ لەو ئاستەدا نییە ئەو بەرپرسیارێتییەی پێ بدرێت".
خۆپیشاندەرێکی ژنیش ئاماژەی بەوە دا کە زۆر لە دوو شتی ترەمپ نیگەرانە کە یاسای ئاسایشی کۆمەڵایەتی و قبوڵنەکردنی فرەیین.
ئەد مارچێڤسکی تەمەن ٦٧ ساڵەش گوتی: "بەراستی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان خراپ بوو. زۆربەی خەڵک دەنگی دا بە هیلاری کلینتۆن هیچ پێویستی بەو سیستەمەی نوێنەرایەتییە نەدەکرد".