Abdullah Shukur
15 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2018
نیویۆرک - AA
ئەمریکا دەستی کردووە بە راگرتنی پێدانی ھاوکاری مرۆیی بۆ دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی فەڵەستینی کە بەمەبەستی بەستنی پەیوەندی باش لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ساڵانە بڕی ملیۆنان دۆلاری بۆ تەرخان دەکرا.
بەپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا بە رۆژنامەی New York Times -یان راگەیاندووە کە ئەمریکا لە چوارچێوەی راگرتنی ھەموو جۆرە ھاوکارییەک بۆ فەڵەستینییەکان، بڕیاری راگرتنی ھاوکاری بۆ گشت ئەو پرۆگرامانە دەرکردووە کە ئامانج لێیان بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان گەلی فەڵەستین و ئیسرائیل بوون.
راشگەیندرا کە ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا، پرۆگرامی بەڕێوەبردنی شەڕ و پێکدادان و دامرکاندنەوەی، ھەروەھا پرۆگرامی Kids4Peace (منداڵان بۆ ئاشتی) لە نێو ئەو پرۆگرامانەدان کە ئەمریکا ھاوکاری خۆی لێیان بڕیووە.
بەرپرسان راشیانگەیاندووە کە تەنھا عەرەب و جوولەکەکانی ئیسرائیل دەتوانن سوود لە ھاوکارییەکانی ئەمریکا وەربگرن.
پێشتریش ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە بەھۆی بڕیاری راگرتنی ھاوکاری ئیدارەی ترەمپ بۆ فەڵەستین لە ئێستادا ناتوانن ھاوکارییەکان بگەیننە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا.