Betül Yürük,Muhammet Ali Kemal
16 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2018
نیویۆرک - AA
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ویلایەتەکانی کارۆلینای باکوور و باشوور بە هۆی باهۆزی فلۆرێنسەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١١ کەس و مەزەندە دەکرێت زیانە ماددییەکان بگاتە ١٧٠ ملیار دۆلار.
دوای ئەوەی رۆژی هەینی گەیشتە وشکانییەکانی خۆرهەڵاتی ئەمریکا، باهۆزی فلۆرێنس لەگەڵ گەیشتنی بۆ شارەکان، بۆ زریانێکی کەمەرەیی گۆڕدرا.
رەشەبا و بارانی بەهێز کە بە هۆی زریانە کەمەرەییەکەوە هەڵیکردووە، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان. کاربەدەستان، ئاشکرایانکرد ژمارەی ئەو کەسانەی لە ویلایەتەکانی کارۆلینای باکوور و کارۆلینای باشوور گیانیان لەدەستداوە، بۆ ١١ کەس بەرز بووەتەوە.
لە راگەیەندراوێکیشدا کە لە لایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کارۆلینای باکووری وەک ناوچەی کارەسات راگەیاندووە و رەنگە هەفتەی داهاتوو سەردانی ناوچەکە بکات.
بە هۆی لافاوەوە ژمارەیەکی زۆر لە خانوو لە ویلایەتەکانی کارۆلینای باکوور و باشوور، ژێر ئاو کەوتوون. کاربەدەستانیش هۆشداریی ئەوە دەدەن کە رەنگە ئاستی ئاوی لافاوەکان بگاتە یەک مەتر و لە هەردوو ویلایەتەکەش زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بێ کارەبا بوون.
لە شاری ویڵمینگتن سەربە ویلایەتی کارۆلینای باکوور بە هۆی رەشەبای بەهێزەوە، ژمارەیەکی زۆر درەخت شکاون و لە ئەنجامی لافاویشدا زۆر خانوو ژێرئاو کەوتوون. شۆفێران لەو رێگایانەی لافاو گرتبوونییەوە تووشی ئاستەنگی هاتوچۆ بوون.
بە هۆی زریانەکەشەوە زیاتر لە دوو هەزار گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشێندراوەتەوە.
مەزەندە دەکرێت باهۆزەکە کاریگەریی بکاتە سەر ژیانی ١٠ ملیۆن کەس و زیانی بە بڕی ١٧٠ ملیار دۆلار لێبکەوێتەوە.