Islam Doğru
04 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2022
نیویۆرک – AA
لە یەکەم رۆژی کارکردن لە ساڵی نوێدا لە ئەمریکا، زیاتر لە دوو ھەزار و ٦٠٠ گەشتی ئاسمانی بەھۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا و خراپی دۆخی کەشوھەواوە ئەنجام نەدرا.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەری "FlightAware.com" کە بەدواداچوون بۆ گەشتی فڕۆکەکان دەکات، ئەمڕۆ لە ئەمریکا لە نیوەڕۆوە دوو ھەزار و ٦٠٠ گەشت ئەنجام نەدراوە و سێ ھەزار و ١٠٠ گەشتیش دواخراوە.
بەرپرسەکان، ھۆکاری دواخستن و ھەڵوەشاندنەوەکان بۆ بارینی بەفرێکی زۆر لە بەشی رۆژھەڵات و ناوەڕاستی وڵاتەکە و تووشبوونی کارمەندانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێننەوە.
گوتەبێژی کۆمپانیای (Southwest Airlines)، براد ھاوکینگ، ئەوەی راگەیاند کە ئەمڕۆ تاکو نیوەڕۆ ٥٧٥ گەشتیان ھەڵوەشاندووەتەوە کە دەکاتە سەدا ١٥ی گەشتەکانیان.
ھاوکینگ، ئاماژەی بەوەش کرد کە زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێو کارمەندەکانیان و خراپی کەشوھەوای شیکاگۆ، دێنڤەر و باڵتیمۆر کاریگەری لەسەر گەشتەکانیان کردووە.
- ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیھان چوار ھەزار و ١٠٠ گەشتی فڕۆکەوانی ئەنجام نەدراوە
ھەر بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەری "FlightAware.com" ، ئەمرۆ لە سەرانسەری جیھان چوار ھەزار و ١٠٠ گەشتی فڕۆکەوانی ئەنجامنەدراوە و ھەشت ھەزار و ٥٠٠ گەشتیش دواخراوە.