Dildar Baykan Atalay
03 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2022
واشنتۆن-AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، جۆن کێربی ئاشكرای كرد، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی رووسیا، ھەزار سەرباز بۆ رۆمانیا و دوو ھەزار سەرباز بۆ ئەڵمانیا و پۆڵەندا، كه دهكاته کۆی گشتی سێ ھەزار سهرباز، بۆ ناوچەکە دەنێرن.
جۆن کێربی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پێنتاگۆن ئاماژهی بهوه كرد، ھەزار سەربازی جێگیرکراویان لە ئەڵمانیاوه بۆ رۆمانیا دەگوازنەوە.
کێربی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ ئەم گواستنەوەیەدا کۆی گشتی سەربازەکانی ئەمریکا لە رۆمانیا بۆ ھەزار و ٩٠٠ سەرباز بەرزدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد لەسەر داوای رۆمانیا ئەو سەربازانەیان ناردووە و گوتی، یەکە سەربازییەکە، بۆ جوڵانەوەی خێرا ئامادەکراوە و لە رۆژانی داھاتوودا بۆ رۆمانیا دەگوازرێنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ئەوەشی خستەڕوو کە جگە لەوە ئەمریکا، دوو ھەزار سەرباز لە فیرقەی ١٨ههمین و ٨٢ههمینی دابەزینی ئاسمانی (Airborne Division) بۆ ئەڵمانیا و پۆڵەندا دەگوازێتەوە.
جۆن کێربی تیشكی خستهسهر ئهوهش کە ئەم یەکە سەربازییانە لە کاتی درووستبوونی رووداوی گریمانهكراو لە ناوچەکە پاڵپشتیی وڵاتانی ناتۆ دهكهن و گوتی: "دەمەوێت لەم بابەتەدا زۆر روون بم. ئەمانە هێزی جێگیر نین. بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستیی ئەو کەشە ئەمنییەی کە ھەیە رێكخراون. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ھێزانە لە ئۆکراینا شەڕ ناکەن. بەرگریی بۆ ھاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ دابین دەکەن".
کێربی ئەوەیشی خستەڕوو کە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لە بڕیاری سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەبارەت بە جێگیرکردنی ھێز لە ژێر فەرمانی ناتۆ لە رۆمانیا، کردووە.
جەختی لەوەش کردەوە کە لە نزیکەوە چاودێری پێشھاتەکان دەکەن و ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوام دەبن لە پێداچوونەوەدا دهبن بە ھاوسەنگی ھێز لە ناوچەکە و ئەورووپا.
جۆن کێربی لە وەڵامی بانگەشەکانی ئەگەری بەکارھێنانی ڤیتۆ لەلایەن ناتۆوە لە بەرامبەر گواستنەوەی تاکلایەنەی سەربازیی ئەمریکا، گوتی: "ناتۆ وەکو رێکخراوێک دەسەڵاتی بەکارھێنانی ڤیتۆی لەبەرامبەر جێگیرکردنی یەکە سەربازییەکانی ئەمریکا نییە".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ئەو ھێزانەی کە دەنێردرێن جیاوازن لەو ھەشت ھەزار و ٥٠٠ سەربازەی کە پێشتر بۆ چالاککردنی ھێزی وەڵامدانەوەی ناتۆ گواستراونەتەوە و خراونەتە ئامادەباشییەوە.
- "پوتین ھیچ بایەخ و ویستێک بە ئاراستەی کەمکردنەوەی گرژییەکان نیشان نادات"
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەوەی راگەیاند کە ناردنی سەربازیان بۆ ئەو وڵاتانە، ئەوە بە سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین و ھەموو جیھان نیشان دەدات کە ناتۆ بۆ ئەمریکا گرنگە و گوتی: "بێینە سەر باسی ئەوەی بۆچی لەم کاتەدا بڕیاری ناردنی سەربازمان دەرکردووە، بەڕێز پوتین لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا توانای ھێرشکردنی سوپاکەی بەرزتر کردووەتەوە. پوتین، ھیچ بایەخ و ویستێک بە ئاراستەی کەمکردنەوەی گرژییەکان نیشان نادات".
جۆن کێربی ئاماژەی بەوەشکرد کە ھێشتا نازانن کە ئایا پوتین بریاری داگیرکردنی ئۆکراینای دەرکردووە یان نا و رایگەیاند ئەگەر پێویست بکات ئەوە بە راوێژ لەگەڵ وڵاتانی ناتۆ سەربازی زیاتر بۆ ناوچەکە دەنێرن.
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن جەختی لەوەش کردەوە کە دۆخی فڕۆکە جەنگییە (ئێف-٣٥)هکانی ئێستۆنیاش ھیچ گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە زۆربەی ئەو دوو ھەزار سەربازەی کە لە (Fort Bragg)وە دەگوازرێنەوە، دەچن بۆ پۆڵەندا و باسی لەوەش کرد کە ھێشتا ئەندامانی گاردی نیشتمانیی فلۆریدا لە ئۆکراینا پاڵپشتیی راوێژکاری و مەشق پێشکەش دەکەن و ھیچ گۆڕانکارییەک لهو بابەتەدا نەکراوە.