Muhammed Bilal Kenasari,Muhammet Ali Kemal
12 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 13 مای,س 2018
وان- AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، بینای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل کە سەرۆک ترەمپ بڕیاری گواستنەوەی لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس داوە، رۆژی دووشەممە ١٤ی مانگ دەکرێتەوە.
لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتەکەوە سەبارەت بە بابەتەکە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە:
"وەک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا شانازیی بەوەوە دەکەین کە بینای باڵیۆزخانەی وڵاتەکەمان لە قودس رۆژی ١٤ی ئایار دەکرێتەوە. باڵیۆزی ئەمریکا لە قودس، دەیڤید ئێم فریدمان سەرۆکایەتی ئەم پرۆسەیە دەکات و هەریەک لە جێگری وەزیری دەرەوە، جۆن سەڵیڤان و وەزیری گەنجینە، ستیڤن منوچین و راوێژکاران، جارد کوشنەر و ئیڤانکا ترەمپ رابەرایەتی دەستەی سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە دەکەن".
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن سەڵیڤان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو کۆدەبێتەوە.
ژمارەیەک تابلۆ تایبەت بە ناونیشانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەندێک لە شەقام و کۆڵانەکانی قودس، هەڵواسراون.
لای خۆیەوە سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەڵەستین، سائیب عورەیقات لە بانگەوازێکدا داوای لە نوێنەرانی وڵاتان، کەسایەتییە دیپلۆماسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بایکۆتی رێورەسمی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ١٤ی ئایاردا بکەن.
چاوەڕوان دەکرێت تا بینای نوێی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس تەواودەبێت کە لە قۆناغی درووستکردندایە، بینای کۆنسولگەریی ئەو وڵاتە لە قودس وەک ناوەندێکی کاتیی بەکاردەهێنرێت.