Dildar Baykan
20 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2020
واشنتۆن- AA
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، مارک ئێسپەر و وەزیری بەرگریی عێراق، جومعە عناد لە چاوپێکەوتنێکیاندا لە واشنتۆن جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی بەرەنگاربوونەوەی داعش کردەوە.
گوتەبێژی پنتاگۆن، جۆناتان هۆفمان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ئێسپەر و عناد چاویان بە یەکتر کەوتووە.
جۆناتان هۆفمان رایگەیاند، هەردوو وەزیر جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی بەهێزکردنی هێزەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی رێکخراوەکە کردووەتەوە و گوتی: "ئیسپەر و عناد جارێکیتر ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە هاوپەیمانی ئەمریکا و عێراق ئامانجی لەناوبردنی داعش و پاراستی سەقامگیری و ئاشتی عێراقە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراق سەردانی واشنتۆنیان کردووە و لە میانی ئەو سەردانەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە بەیانی رۆژی چوارشەممەدا، چاوی بە هاوتا ئەمریکییەکەی، مایک پۆمپیۆ کەوت.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە کۆشکی سپی چاوی بە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بکەوێت.