Kasım İleri
27 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند، پاڵپشتیی سعوودیە بۆ بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئیدانەی رووسیا دەکات و پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ ئۆکراینا، قەرەبووی بڕیاری گرووپی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ناکاتەوە.
ئەنتۆنی بلینکن لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی "Bloomberg"دا، هەڵسەنگاندنی بۆ پرسەکانی رۆژەڤ کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەمریکا کە بەهۆی بڕیارەکەی گرووپی ئۆپیک پڵەس سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە دەکەن گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەیان ساڵە لەلایەن سەرکردە و ئیدارە جیاوازەکانەوە پەرەی پێدەدرێت، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی نێوانیان، راوێژ بە كۆنگرێس دەكەن سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات".
بلینکن دووپاتی کردەوە کە بە ئاشکرا رایانگەیاندووە، بڕیارەکەی ئۆپیک پڵەس هەڵەیە، هەروەها ئەم بڕیارە داهاتی رووسیا زیاد دەکات کە لە رێگەی وزەوە دەستی دەکەوێت و بەشداری دەکات لە بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی ئابووری جیهان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی:
"بەڵام دوای ئەوەی ئەوەمان گوت لە دوای بڕیارەکەوە چەند شتێکی سەرنجڕاکێشمان بەدی کرد. سعوودییەكان پاڵپشتییان لەو بڕیارەی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كه ئیدانەی دەستدرێژییەكانی رووسیا دەکات لە خاکی ئۆکراینا، هەروەها بینیمان سعوودییەکان بە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار یارمەتی مرۆییان پێشکەش بە ئۆکراینا کرد. ئەمانە پێشهاتی ئەرێنین. هەرچەندە قەرەبووی بڕیارەکەی گرووپی ئۆپیک پڵەس ناکەنەوە".