Davut Çolak
17 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2020
کۆپنهاگن- AA
کەناڵی "DR"ی دانمارکی بڵاو کردەوە کە بەرپرسێکی هەواڵگریی دانمارک کە نەیویستوە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، ئاشکرای کردووە لە ساڵی ٢٠١٥دا، ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی چەند وەزارەت و کۆمپانیایەکی دانمارک زانیاری کۆکردووەتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە هەرچەندە لەنێوان واشنتۆن و کۆپنهاگن رێککەوتن هەیە، بەڵام ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لەبارەی چەند کۆمپانیا و فەرمانگەیەکی دانمارک راپۆرتی داوە.
لە راپۆرتەکەدا لە بارەی وەزارەتی دەرەوە، دارایی و کۆمپانیای تەرما-ی دانمارک زانیاری خراوەتەڕوو.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم سیخوڕییانەی ئەمریکا لە کاتێکدان کە دانمارک بڕیاری داوە لە بری فڕۆکەی جەنگیی F-16، جۆرێکی نوێی فڕۆکەی جەنگیی بکڕێت.
لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، ئەمریکا و دانمارک "رێککەوتننامەی کێبڵ"یان واژۆوو کردبوو، بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە ئەمریکا مۆڵەتی ئەوەی پێدراوە لەبارەی ئەو تۆڕی ئینتەرنێت و هێڵە تەلەفۆنییانەی بە خاکی دانمارک-دا تێدەپەڕن، زانیاری بەدەست بهێنێت.
پێشتریش ئەمریکا لەڕێی بەکارهێنانی ئەو رێککەوتننامەیەوە سیخوڕی بەسەر وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، هۆڵەندا، سوید و نەرویج کردبوو و چاودێری نامە ئەلیکترۆنییەکان و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی کردبوو.