Tuğçenur Akgün
27 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2023
نیویۆرک-AA
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا رایانگەیاند، بیلال سوودانی کە یەکێکە لە ناوە دیارەکانی ناو رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و پاڵپشتی دارایی و لۆجستیی پێشکەش بە رێکخراوەکە کردووە لەگەڵ ١٠ ئەندامی دیکەی رێکخراوەکە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سۆماڵ کوژراون.
دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا کە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچووە، رۆژنامەنووسانیان لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاگادار کردووەتەوە کە شەوی رابردوو بەمەبەستی دەستبەسەرکردنی بیلال سوودانی بۆ سەر حەشارگەیەکی رێکخراوەکە لە باکووری سۆماڵ رێکخرابوو.
بە ئاماژەدان بەوەی بیلال سوودانی لەو ئۆپەراسیۆنەی سوپای ئەمریکادا کوژراوە، دەسەڵاتداران رایانگەیاند کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا هیچ کەسێکی مەدەنی و سەربازیی گیانی لەدەست نەداوە، تەنها سەربازێکی ئەمریکی لەلایەن سەگێکەوە بریندار کراوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەکار هێنرابوو.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوە دا کە پلانەکانیان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە باسی لێوە دەکرێت چەندین مانگی خایاندووە و رایانگەیاندووە کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، هەفتەی رابردوو لەو بارەیەوە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)ەوە ئاگادارکرابووەوە و سەرەتای ئەم هەفتەیەش ئۆپەراسیۆنەکەی پەسەند کرد.
ئاماژە بەوەش کرا کە بیلال سوودانی بەر لەوەی پەیوەندی بە رێکخراوی داعشەوە بکات، "مێژوویەکی دوور و درێژی تیرۆر"ی هەبووە.
هەروەها راگەیەندرا، بیلال سوودانی کە لە ساڵی ٢٠١٢دا ناوی لە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتبوو، هاوکاریی چەکدارانی بیانی کردبوو بۆ ئەوەی لە کەمپەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلشەباب مەشق و راهێنانی وەربگرن و پاڵپشتیی دارایی بۆ ئەم رێکخراوە دابین کردبوو.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوە داوە، هاوپەیمانە گرنگەکانی دیکەی ئەمریکا بەتایبەتیش حکوومەتی سۆماڵ-یان لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادار کردووەتەوە.