Erbil Başay
08 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2021
بەرلین - AA
ئەڵمانیا دیپلۆماتێکی رووسی، کە لە باڵیۆزخانەی رووسیا لە بەرلین کاردەکات، بە "کەسێکی نهویستراو" لهقهڵهمدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بڵاوکراوەیەکدا، بەپێی ماددەی نۆیەمی رێککەوتنامەی ڤیەننای تایبەت بە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لە ١٨ی نیسانی ١٩٦١ واژووكراوه، کارمەندێکی باڵیۆزخانەی رووسیا لە بەرلین بە "کەسێکی نهویستراو" راگەياند.
بڵاوكراوهكه ئاماژەی بەوەکردووە، حکوومەتی ئەڵمانیا لە رێگەی ئەم ھەنگاوەوە ناڕەزایەتی خۆى لە بەرامبەر بریارێکی رووسیا کە لە پێنجی شوبات دەریکردووە، دەربڕيوە.
وهزارهتهكه ههروهها ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە رووسیا، دیپلۆماتی چەندین وڵاتی یەکێتیی ئەورووپای دیپۆرت کردووەتەوە کە کارمەندێکی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە مۆسکۆش لە نێویاندابووە، و رایگهیاندووه: "ئەو بڕیارە بە ھیچ شێوەیەک رەوا نەبووە".
بڵاوكراوهكهی وهزارهتی دهرهوهی ئهڵمانیا، ئەوەشی دووپاتکردووهتهوە کە ئەو دیپلۆماتە ئەڵمانە، لە چوارچێوەی رێککەوتنامەی ڤیەننای تایبەت بە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان، لە رێگەی یاساییەوە ئەرکی خۆی بۆ بەدەستھێنانی زانیاری لە بارەی پێشھاتەکانەوە بەجێ دەگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە پێنجی شوباتدا، بە بیانووی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانە نایاساییەکانی پشتیوانییكردن لە كهسایهتیی ئۆپۆزسیۆنی رووسی ئالێکسی ناڤاڵنی، سێ دیپلۆماتی باڵیۆزخانەکانی ئەڵمانیا، پۆلەندا و سویدی بە "کەسانی نهویستراو" له وڵاتهكهی ناوزهدكردبوو.