Erbil Başay
28 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2022
بەرلین- AA
دوای ئەو شەپۆلە بەهێزەی گەرما کە لە ماوەی رابردوودا ئەڵمانیای گرتەوە، بارانی بەلێزمە ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەی گرتەوە و بووە هۆی دروستبوونی لافاو.
لە هەرێمی براندنبورگ ئێوارەی دوێنێ بەهۆی بارانی بەلێزمەوە، ئاو شەقامەکانی داپۆشی و نهۆمی ژێرزەمینی بەشێک لە بیناکانیش ئاویان تێچوو.
هەروەها ئاو چووە هۆڵێکی وەرزشی شاری نۆیروپینی هەرێمی براندنبورگ و ژورێکی ناو فڕۆکەخانەی بەرلین-براندنبورگ، هەندێک شوێنی بەردەم فڕۆکەخانەکەش کە لە راستیدا شوێنی وەستانی تاکسی و ئۆتۆمبێل بوو، ئاوێکی زۆری تیادا کۆبووەوە و ناوبەناو وەک حەوزی مەلەوانی لێدەهات.
بەهەمان شێوە بەهۆی بارانەوە چەند کۆنسێرتێک لە بەرلینی پایتەخت هەڵوەشێندرانەوە، ئاهەنگێکی جەماوەریش کە لە کۆشکی کۆماری بێلێڤو رێکخرابوو، زووتر لە کاتی خۆی کۆتایی پێهێندرا.
لە ویلایەتی بایرنیش نهۆمی ژێرزەمینی سەدان بینا، ئاویان تێچوو و لە هەندێک ناوچەش هەورەبروسکە دای لە چەند بینایەک.
هەروەها لە شاری کارلسرووەی هەرێمی بادەن-ڤوتەمبێرگ، هەورە بروسکە دای لە کۆگایەک و بەوهۆیەوە ئاگر کەوتەوە، بۆ رێگرییکردن لە زیانی گیانیش دانیشتووانی بیناکانی دەوروبەری رووداوەکە گوازرانەوە.
فەرمانگەی کەشناسی ئەڵمانیا، هۆشداریی لەوەدا کە بارانی بەلێزمە، ئەمڕۆ و سبەیش لە ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، بەردەوام دەبێت و لە هەندێک ناوچە بڕی باران بارین لە یەک کاتژمێردا ٣٠ بۆ ٦٠ لیتر، دەبێت.