Muhammet Ali Kemal,Ramal Abdullah Mahmood
16 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2017
بەرلین – AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ و سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن رایانگەیاند کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی هەردوو وڵات بڕیاریان داوە بە یەکەوە کار بکەن.
دوای ئەوەی پۆستی سەرکۆماری فەڕەنسا رادەستی ئیمانوێل ماکرۆن کرا، یەکەم سەردانی ناوبراو بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئەڵمانیا بوو و دوای ئەوەی لە بەرلین لەگەڵ راوێژکاری ئەو وڵاتە کۆبوویەوە، مێرکڵ و ماکرۆن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجام دا.
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ ئاماژەی بەوە دا هەست بە شکۆمەندییەکی زۆر دەکەن بەوەی یەکەم سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ ئەڵمانیا بوو و، پیرۆزباییشی لە سەرکۆماری نوێی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کرد بەوەی بە شێوەیەکی بوێرانە ملی رێگەی گرتووەتە بەر.
ئەنگێلا مێرکڵ جەختی لە گرنگی هەماهەنگی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەرپرسیارێتی ئەمە لە یەکێتیی ئەورووپادا کردەوە، و گوتی: "لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەردوو وڵات، بڕیارماندا لە نزیکەوە و دۆستانە بە یەکەوە کار بکەین".
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ماکرۆن پێویستە باسی ئەوە بکات چی لە ئەڵمانیا چاوەڕێ دەکات و، گوتی: "بەرژوەندییەکانی ئەڵمانیا لە نزیکەوە گرێدراوە بە بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسا. ئەگەر ئەورووپا باش بێت ئەڵمانیش رەوشی باش دەبێت. فەڕەنسا بەهێز بێت ئەورووپاش رەوشی باش دەبێت".
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ ئەوەی خستە روو کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپا، یاسای هاوبەشی پەنابەران و پەیوەندییە بازرگانییەکانیان کردووە و بڕیاریان داوە بە پەرەپێدانەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان.
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ رایگەیاند ئەمە لە پەیوەندییەکاندا دینامیکێکی نوێ دەهێنێتە دی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا ئەو پرۆژانەی هەردوو وڵات بە یەکەوە ئەنجامی دەدەن لە مانگی تەمووز لە کۆنسەی وەزیرانی هاوبەش لەسەری کۆدەبنەوە.
- نەخشەڕێگای نوێ
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دەیانەوێت نەخشەڕێگایەکی نوێ دابنێنن لە ماوەیەکی مامناوەنددا لەبارەی یەکێتیی ئەورووپا، ئاماژەی بەوەشدا کە مەبەستیانە ناوچەی یۆرۆی هاوڕا زیاتر قوڵببنەوە کە بتوانێت بەرگەی قەیرانەکان بگرێت و رووبەڕوویان بوەستێتەوە و بگەنە دۆخی هەماهەنگی زیاتر لە سیاسەتی دەرەوە و بەرگریدا.
ئەنگێلا مێرکڵ ئاماژەی بەوە دا، هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا نیشانیان دا کە ئەورووپا خاوەنی چ گەنجینەیەکە. راشیگەیاند بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی ئەورووپا لە چرکەساتێکی مێژوویی و هەستیاردان.
- گۆڕینی رێککەوتننامەکان
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی گۆڕینی رێککەوتننامەکانی ئەورووپا، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ ئاماژەی بەوە دا کە جیهان گۆڕاوە و، گوتی: "لە روانگەی ئەڵمانیا کە پێویست بکات ئەگەری هەیە رێککەوتننامەکان بگۆڕدرێن. سەرەتا پێویستە بزانین دەمانەوێت چی بکەین. ئەگەر پێویست بکات ئەو رێککەوتننامانە بگۆڕدرێن ئەوا ئێمە ئامادەین".
سەرکۆماری فەڕەنساش ئاماژەی بەوەکرد کە هەڵمەتێکی لایەنگرانەی ئەورووپای هەڵبژاردنی بەڕێوەبردووە و بەرگریی لە بیرۆکەی یەکێتیی ئەورووپا و هاریکاریی فەڕەنسا-ئەڵمانیا کردووە.
ئیمانوێل ماکرۆن باسی لەوەشکرد ئەو توڕەییەی لەبیر نەکردووە کە گەلی فەڕەنسا لەم هەڵبژاردنەدا گوزارشتیان لێکردووە و جەختی لەوەکردەوە لە جیهانێکدا کە بەعەولەمە بووە، ریفۆرم پێویستە.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لەوێ نوێنەرایەتی فەڕەنسا دەکات و گوتی: ''بەڵام ئەوەی هەیە ئەوەیە کە ئەرکێکی قورسم لەبەردەمدایە''.
ئیمانوێل ماکرۆن تیشكی خستە سەر ئەوەی سەرەتا ئەو ریفۆرمانە ئەنجامدەدات کە فەڕەنسا پێویستی پێیەتی و بەرەنگاری بێکاریی دەبێتەوە، ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی لە ئەورووپادا داواکراوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی خواستی فەڕەنسییەکانە، ئەنجامدەدات.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ئاشکرای کرد بە مەبەستی پاراستنی هاووڵاتییان، لایەنگری ئەوەیە کە بیرۆکراسی لە ئەورووپا کەم بکرێتەوە و داوای کرد یەکێتیی ئەورووپا یاسایەکی هاوبەش لەبارەی پەنابەران و سیاسەتی ئاسایشەوە دابڕێژێت.
سەرکۆماری فەڕەنسا ئاماژەی بەوەکرد داهاتووی یەکێتیی ئەورووپا بەندە بە پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنساوە و لەو پەیوەندییەشدا هەمیشە ئەو وەک هاوبەشێکی کراوە، راستگۆ و بنیاتنەرانە هەنگاو دەنێت.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی ئەوەی دەرخست کە ئەورووپا لە قۆناغێکی مێژووییدایە و لەبەر ئەوەی ئاستی پۆپولیزم لە کیشوەرەکەدا بەرزبووەتەوە، پێویستە هەردوو وڵات هاریکاریی چڕ و پڕیان هەبێت و بگەنە دەرەنجام لەوبارەیەوە، پەنا بۆ دووبارە رێکخستنەوە ببەن.
ئیمانوێل ماکرۆن سەبارەت بەو کەسانەی کە لە میانی رێورەسمە سەربازییەکەدا لە دەرەوەی باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خۆشەویستییان بۆ دەربڕی، رایگەیاند ''ئەوە کاری تێکردم''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گۆڕینی پەیماننامەکانی ئەورووپا، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ئاشکرای کرد ئەوە ماوەیەکی دوور و درێژ بۆ فەڕەنسا تابوو بووە و گوتی: ''لە ئێستادا هیچ تابوویەکمان نییە''.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن جەختی لەوەش کردەوە ژمارەیەک لە وڵاتان پابەندی یاساکانی بازرگانیی نێودەوڵەتیی نابن و بە پێویستی زانی رێوشوێن لەوبارەیەوە بگیرێتە بەر.