Muhammet Ali Kemal
13 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جۆش ئێرنست ئاشكرای کرد هیچ گومانێک لەوەدا نییە ئەو کەسەی لەدەستوەردانی رووسیا لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا لە 8ی تشرینی دووەم، سوودمەند بووە، سەرۆکی هەڵبژێردراو، دۆناڵد ترەمپە.
لەکۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی جۆش ئێرنستدا، پرسیار کرا سەبارەت بەئەنجامی کاری دەزگا هەواڵگرییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەدەستوەردانی رووسیا بەمەبەستی بەرزکردنەوەی شانسی بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە مانگی رابردوو، ئەنجامدرا.
لەوەڵامدا ئێرنست ئاماژەی بەوەکرد هیچ گومانێک لەوەدا نییە ئەو کەسەی لەدەستوەردانی رووسیا لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا لە 8ی تشرینی دووەم، سوودمەند بووە، سەرۆکی هەڵبژێردراو، دۆناڵد ترەمپە و رایگەیاند ''رووسیا هێرشی سایبەریی ئەنجامداوە و ئەو ئیمەیڵانەش کە دزەیان پێکراوە هی ئەنجوومەنی نیشتمانیی دیموکراتەکان و جۆن پۆدێستان نەک هی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کۆمارییەکان و ستیفن بانۆن''.
گوتەبێژی کۆشکی سپی لەسەر گوتەکانی بەردەوام بوو، رایگەیاند:
''پێویست بە لێکۆڵینەوە ناکات بۆ ئەوەی بزانین کێ سوودمەندە لە هێرشە سیابەرییە نیازخراپەکانی رووسیا. سەرۆکی هەڵبژێردراو، دۆناڵد ترەمپ هیچ پرسیارێکی لەوبارەیەوە نەورووژاند بەڵکو داوای لەرووسیا کرد هێرشی سایبەریی بکاتە سەر رکابەرەکانی و هیلاری کلینتۆن''.
جۆش ئێرنست ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە بۆچوونەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئاشکران و گوتی: ''ئەوە ترەمپ بوو کە بەدرێژایی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن پوتینی بە سەرکردەیەکی بەهێز ناودەبرد''.