Emre Karaca
28 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2022
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری شەڕ و پێکدادانەکانی لیبیا دەکەن کە کوژرانی کەسانی مەدەنی لێکەوتووەتەوە و بانگەوازی بۆ لایەنەکان کرد، دەستبەجێ شەڕ و پێکدادانەکان راگرن.
لە راگەیەندراوێدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو شەڕ و پێکدادانانە دەکەن کە کوژرانی کەسانی مەدەنی لێکەوتووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە پێویستە پارێزگاری لەو ئارامییە بکرێت کە بە هەوڵێکی زۆر لە گۆڕەپانەکەدا فەراهەم بووە و لە رووی ئاسایش، سەقامگیری و ئایندەی وڵاتەکەوە گرنگییەکی زۆری هەیە و هاتووە ''بانگهێشتی لایەنەکان دەکەین بە تێگەیشتن لەم بابەتە مامەڵە بکەن، ئارامگربن و ژیرانە مامەڵە بکەن؛ داوا دەکەین دەستبەجێ شەڕ و پێکدادانەکان رابگیرێن''.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ''زیادبوونی توندوتیژییەکان، ئیرادەی گەلی لیبیا بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی و سەقامگیرییەکی درێژخایەن و دیدگای پێشخستنی پرۆسەی سیاسیی و بەتایبەت ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەخاتە مەترسییەوە. چاوەڕوانیمان لە لایەنەکان ئەوەیە چەکەکان بێ دەنگ بکەن و تیشک بخەنە سەر ئەوەی کە هەرچی زووە بە رێگای ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بکەن''.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە تورکیا لە پێناو سەقامگیری درێژخایەن، خۆشگوزەرانی و ئاسایشدا و لە چوارچێوەی چاوەڕوانی و خواستی گەلی لیبیا، هەرچی زووە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە پێویست دەزانێت لە گۆڕەپانێکی دادپەروەر و ئازادی وڵاتدا و هاتووە ''لەم چوارچێوەیەدا پێویستە لەژێر ئاسانکاری نەتەوە یەکگرتووەکاندا کارەکانی ژێرخانی یاسایی بەخێرایی تەواو بکرێن''.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە تورکیا لەژێر رۆشنایی ئەو ئامانجانەدا، وەک ئەوەی تا ئەمڕۆ ئەنجامیداوە لە مەودواش لە پاڵ خوشک و برایانی لیبیاییدا دەوەستێت و بەردەوام دەبێت لەسەر پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتیوانییەک بۆ دابینکردنی ئاشتیی و سەقامگیریی درێژخایەن.
ژمارەی ئەوکەسانەی کە لە ئاکامی پێکدادانەکانی نێوان دوو گرووپی چەکدار لە تەرابلوس کوژراون گەیشتە ٢٣ کەس و ١٤٠ی دیکەیش برینداربوون.
ماوەی چەند رۆژێکە دەوروبەری تەرابلوسی پایتەخت بووەتە گۆڕەپانی کۆبوونەوەی سەربازی هێزەکانی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی تەبایی نیشتمانیی، عەبدولحەمید دیبەیبە و هێزەکانی سەربە فەتحی باشاغا.