Mazın Asad
23 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2018
پاریس - AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ نامەیەکیان بە ھاوبەشی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای پشتیوانیکردنیان لە پرۆژە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەهەمبەر بەستنی ئاگربەست لە غوتەی رۆژھەڵات کرد و داواشیان کرد کە بە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ رەوشەکەدا بکرێت.
بەپێی راگەیەنراوێکی کۆشکی ئیلێزی، ماکرۆن و مێرکڵ بە ئاماژەکردن بە ناوی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، نامەیەکیان بە ھاوبەشی لەبارەی پێشھاتەکانی سووریا و رەوشی مرۆیی لە غوتەی رۆژھەڵات بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە نامەکەدا، ھەردوو سەرکردە بانگەوازیان بۆ پوتین کردووە بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆژە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کە تیایدا داوای گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی، راگەیاندنی ئاگربەست بۆ گواستنەوەی بریندارەکان، هەروەها راگرتنی ھێرشەکان لە غوتەی رۆژھەڵات دەکەن.
ماکرۆن و مێرکڵ لەبارەی پرۆژە بڕیارەکەوە داوای پشتیوانیکردنیان لە رووسیا کردووە و رایانگەیاندووە کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بە توندترین شێوە، ئیدانەی ھێرشەکانی سەر خەڵکی سڤیل، منداڵان و نەخۆشەکان لە غوتەی رۆژھەڵات دەکەن.
ھەر لە راگەیەنراوەکەدا جەخت لەسەر خراپی رەوشی مرۆیی لە غوتەی رۆژھەڵات کراوەتەوە و ھەردوو سەرکردە داوایان لە رووسیا کردوو بەرپرسیارییەتی خۆی لەوبارەیەوە جێبەجێ بکات.