Dildar Baykan Atalay
01 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2022
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند کە بڕیاریداوە سیستەمی مووشەکیی پێشکەوتوو رەوانەی ئۆکراینا بکەن.
جۆ بایدن گوتارێکی بە ناونیشانی "کار و ئەرکەکاکی ئەمریکا لە ئۆکراینا" بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیوە.
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا پێی ناوەتە چوارەمین مانگی خۆیەوە و نووسیویەتی "گەلی ئۆکراینا بە قوربانیدان، خۆڕاگری و سەرکەوتنەکانی، رووسیای تووشی سەرسوڕمان کرد و ئیلهامبەخش بوو بۆ هەموو جیهان".
جۆ بایدن باسی لە پاڵپشتی سەربازیی، مرۆیی و دارایی وڵاتان بۆ ئۆکراینا کردووە و بەم شێوەیە هەڵوێستی ئەمریکای سەبارەت بە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا خستووەتە روو:
"ئامانجی ئەمریکا روونە: ئێمە ئۆکراینایەکی دیموکرات، سەربەخۆ، سەروەر و ئاوەدانمان دەوێت کە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هەڕەشەکانی داهاتوودا".
- بڕیاری ناردنی سیستەمی مووشەکیی پێشکەوتوو لە بایدن-ەوە
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بە ئاماژەدان بەوەی کە ئامانجی ئەمەریکا بەهێزکردنی دەستی ئەم وڵاتەیە لەسەر مێزی دانوستان بەو چەکانەی کە بە ئۆکراینای داوە، باسی لەوەش کردووە "لەبەر ئەم هۆکارە بڕیارماندا سیستەمی مووشەکیی پێشکەوتوو و تەقەمەنی بۆ ئۆکراینا دابین بکەین تاکو بتوانێت بەوردی ئامانجەکانی بپێکێت".
بایدن جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکە بۆ زیادکردنی سزاکانی سەر رووسیا و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ناردنی چەکی پێشکەوتووی وەک مووشەکی دژەتانکی جاڤڵن، مووشەکی دژەفڕۆکەی ستینگەر، سیستەمی رادار، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هێلیکۆپتەری جۆری Mi-17 بۆ ئۆکراینا.
- "پێشوازی لە داواکاریی فینلاند و سوید دەکەم بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ"
سەرۆکی ئەمریکا، بایدن رایگەیاندووە ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانیدا کار دەکات بۆ بەرگرتن لە خراپتربوونی قەیرانی خۆراک، لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵدەدات پشتبەستنی ئەورووپا بە وزەی رووسیا کەم بکاتەوە.
جۆ بایدن هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی باڵی خۆرهەڵاتی ناتۆ و رایگەیاندووە "پێشوازی لە داواکاری فینلاند و سوید دەکەم بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ. ئەم هەنگاوە ئاسایشی هەموو ئەمریکا و ترانس ئەتڵەسی زیاتر زیاد دەکات".
- "ئێمە بەدوای شەڕی نێوان ناتۆ و رووسیا نین"
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە درێژەی گوتارەکەیدا نووسیویەتی "ئێمە بەدوای شەڕی نێوان ناتۆ و رووسیا نین، هەرچەندە لەگەڵ بەڕێز پوتین ناکۆکین و نەرێنییانە لە کردارەکانی دەڕوانین، بەڵام ئەمریکا هەوڵی رووخاندنی نادات. تا ئەوکاتەی هێرش نەکاتە سەر ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی نیازی ناردنی هێزمان نییە بۆ ئۆکراینا. ئێمە بەشداری لە (جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا) ناکەین. ئێمە پشتگیری و هاوکاری ئۆکراینا ناکەین بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دەرەوەی سنوورەکانی".
- بایدن رووسیای تۆمەتبار کرد لە هەڵپەساردنی دانوستانەکان
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاندووە کە بەهۆی "پشتتێکردنی رووسیا لە دیموکراسییەت" نەتوانرا بەردەوامی بە دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بدرێت، هەروەها ئەوەیشی خستووەتە روو کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لە دانوستانەکاندا.
- "لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەک نابینین سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن رووسیاوە"
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بە ئاماژەدان بەوەی کە زۆر کەس لە جیهان نیگەرانن لەبارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و بەم شێوەیە درێژەی بە بابەتەکە داوە "لەئێستادا هیچ ئاماژەیەک نابینین کە رووسیا هیچ نیازێکی هەبێت بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئۆکراینا، بەڵام لێدوانەکانی رووسیا لەسەر ئەم بابەتە مەترسیدار و نابەرپرسانەیە. پێویستە ئەوە بزانرێت، بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بە هەر قەبارەیەک بێت لەم ململانێیەدا یاخود لە هەر شوێنێکی تری جیهان، بەتەواوی رەتدەکرێتەوە و دەرئەنجامەکانی زۆر توند دەبن".