Faruk Hanedar
18 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2023
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی سەرکردەکانی G7 سەردانی ژاپۆنی کردووە لە شاری هێرۆشیما، داوای لێبوردن ناکات لەبارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن وڵاتەکەوە لە رابردوودا.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئیندپێندت، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان ئاماژەی بەوە کرد، بایدن لە ژاپۆن کە بەمەبەستی لووتکەی G7 سەردانی کردووە، داوای لێبوردن ناکات لەبارەی ئەوەی وڵاتەکەی ٧٨ ساڵ لەمەوبەر چەکی ئەتۆمی لە هێرۆشیما بەکارهێناوە.
سولیڤان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئەو چالاکییەی بایدن بەشداری تیادا دەکات ژینگەیەکی لەبار نییە بۆ شتێکی لەو شێوەیە و گوتی: ''سەرۆک لە پارکی یادەوەریی ئاشتیی هێرۆشیما قسە ناکات. لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی G7دا، بەشداری دەکات لە چالاکی دانانی تاجەگۆڵینە و چەند چالاکییەکی دیکەدا''.
جەیک سولیڤان باسی لەوەیش کرد، بایدن بۆ رێزگرتن لە مێژوو و هەروەها سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، کیشیدا فومیۆ کە لەسەر بازنەی ناوچەی یەکەمی هێرۆشیما ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ژاپۆنە، بەشداری لە چالاکییەکەدا دەکات.
شاری هێرۆشیمای ژاپۆن کە لە شەشی ئابی ١٩٤٥دا، ئەمریکا بە چەکی ئەتۆم هێرشی کردە سەر، خۆی ئامادە دەکات بۆ میوانداریکردنی لووتکەی سەرکردەکانی G7.
لەو رێوڕەسمەی سەرۆکی ئەمریکا بەشداری دەکات، سەرکردەکانی G7، سەردانی مۆزەخانەی یادەوەریی ئاشتیی هێرۆشیما دەکەن و تاجەگوڵینە دادەنێن و بەشداری لە رێوڕەسمی چاندنی درەختدا دەکەن.
ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی ژاپۆن، داوایان کردووە ئەمریکا بە فەرمی داوای لێبوردن بکات بەهۆی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە هێرۆشیما و ناکازاکی.
سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، باراک ئۆباما کە لە ساڵی ٢٠١٦دا سەردانی مۆزەخانەکەی کردبوو، داوای لێبوردنی نەکرد.