Mazın Asad
15 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2017
جاکارتا - AA
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٣ پلە بە پێوەری رێختەر دوورگەی جاڤای لە ئیندۆنێزیا ھەژاند.
ئاژانسی کەشوھەوای ئیندۆنێزیان رایگەیاند بوومەلەرزەکە لە دووری ٤٣ کلیۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای شاری تاسیکمالایا لە قولایی ١٠٥ کلیۆمەتر روویداوە.
بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەھۆی بوومەلەرزەکەوە زەنگی تسونامی لە ناوچەکە لێدا و سەنتەری لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریکاش بوومەلەرزەکەی بە گوڕی ٦.٥ پلە بە پێوەری رێختەر راگەیاند.
گوتەبێژی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی کارەساتی نیشتمانی ئیندۆنێزیا، سوتۆپۆ پوریۆ نوگرۆھۆ لە لێدوانێکیدا رایگەیاند بوومەلەرزەکە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە. بەڵام ناوبراو ھیچ زانیارییەکی لەبارەی ژمارەی قوربانیان ئاشکرا نەکرد.
نوگرۆھۆ راشیگەیاند لە ناوچەکانی نزیک شاری تاسیکمالایا و دوورگەی جاڤا ژمارەیەک باڵەخانە داڕماوە و بوومەلەرزەکە لە جاکارتای پایتەختیش ھەستی پێکراوە.
کەناڵەکانی ناوخۆی ئیندۆنێزیا ژمارەیەک گرتەڤیدیۆیان بڵاوکردەوە کە لەکاتی بوومەلەرزەکەدا خەڵک چۆن کەناراوەکانی دەریا چۆڵ دەکەن و لە باڵەخانەکاندا دەردەچن.