Sangar Hamad Azeez
21 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2017
قودس - AA
واپێدەچێت گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان لەبارەی مزگەوتی ئەقسا ئاڵۆزتر ببێت و لەم چوارچێوەیەدا ئیسرائیل سەرەڕای بەکارهێنانی ئامێری پشکنینی ئەلێکترۆنی بڕیاری دا، ئەو نوێژخوێنانەی تەمەنیان لە خوار ٥٠ ساڵە رێگەیان پێنەدرێت بێنە ناو مزگەوتی ئەقسا.
گرژییەکان بە هۆی دانانی ئامێری پشکنینی ئەلیکترۆنی لە دەرگای حەڕەمی شەریف لە مزگەوتی ئەقسا درێژەی هەیە و لە بەرامبەردا موسوڵمانان داوا دەکەن کە پیرۆزی مزگەوتەکە بپارێزرێت و رەتی دەکەنەوە کە بەو ئامێرانەی بۆ پشکنین دانراون تێبپەڕن بەر لە چوونە ژوورەوەیان بۆ مزگەوتی ئەقسا.
چاوەڕوان دەکرێت ئەو بڕیارە نوێیەی ئیسرائیل لەبارەی رێگەپێنەدانی چوونەژوورەی خوار تەمەنی ٥٠ ساڵ بۆ مزگەوتی ئەقسا گرژی زیاتری لێبکەوێتەوە.
سەربازانی سوپای ئیسرائیل گەمارۆی مزگەوتەکەیان داوە و دەرگاکانی دیکەیان بە بەربەستی کۆنکریتی داخستووە.
لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەوی یەدیعۆت ئەحرەنۆت، شەوی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو کابینەی حکوومەتەکەی کۆکردۆتەوە و داوای لێکردوون کە بڕیاری پشکنین بە ئامێری ئەلیکترۆنی لە مزگەوتی ئەقسا هەڵبگیرێت.