Awad Rjoob,Hamdi Yıldız
03 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2024
جەنین - AA
بەهۆی هێرش و پەلاماری سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری جەنین لە باکووری کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو کە شەش ڕۆژە بەردەوامە، شارەکە بووەتە ناوچەی کارەساتبار.
ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاوەدانکردنەوەی جەنین، عەلی زکارنە، باسی لەو کاولکارییە کرد کە سوپای ئیسرائیل لە شاری جەنین و کەمپی پەنابەران دروستیکردووە.
زکارنە ڕایگەیاند: ''جەنین ئێستا وێران بووە. قەبارەی کاولکارییەکەی لە گەڕەکی ڕۆژهەڵاتی شارەکە و کەمپی پەنابەران سەدا ٧٠ی تێپەڕاندووە''.
هەروەها زکارنە باسی لەوەشکرد، کاولکارییەکە هێندە گەورەیە کە پێشبینی ناکرێت و، سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی لە توانای دامودەزگاکانی حکوومەتدا نییە.
زکارنە ئەوەیشی خستەڕوو کە هێشتا ناتوانرێت قەبارەی کاولکاریی لە جەنین دیاری بکرێت و ڕایگەیاند: ''داگیرکەران (سوپای ئیسرائیل) تەواوی ژێرخانی کەمپی پەنابەرانی وێران کردووە. هەموو سیستەمەکانی ئاو و کارەبا پچڕاون و تۆڕی ئاوەڕۆ زیانی بەرکەوتووە. بەڕاستی قەبارەی کاولکارییەکە زۆر گەورەیە و لە باسکردن نایەت''.