واشنتن
کاتێک گوێبیستی فەڵەستین و ئیسڕائیل دەبین، دەستبەجێ شەڕ، داگیرکردن، ڕاپەڕین و دیوارمان بیردێتەوە. بەھۆی شەڕی نێوان ھەردوو دەوڵەت کە بە دەیان ساڵە بەردەوامە، فرمێسکی ئەو خەڵکە کۆتایی پێنایێ، ھەرچەند گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ھەردوولا لەم دواییە بە فشاری نێودەوڵەتی جارێکی دیکە بە خێرایی ئەنجام دەدرێن، بەڵام بەھۆی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ لەلایەن ئیسڕائیلەوە ئەو گفتوگۆیانە ھیچ ئەنجامیان نەبووە.
سەرەڕای ھەموو مەینەتیەکان، گەنجانی فەڵەستین و ئیسڕائیلی لە چوارچێوەی گرووپێکی مۆزیکی بەناوی ھارتبیات یان ئاگری دڵ بەیەک گەیشتن، بە موزیک پەیامی جیاوازتریان ئاراستەی جیھان کرد و ھاوار دەکەن و دەڵێن: "پێویستە ئاشتی بەرقەرار بێ."
ئاڕۆن شینەیەر کە ئیسڕائیلیەکی ئەمریکیە، لە ساڵی ٢٠٠٧ گروپی موزیکی ھیارتبیاتی دامەزراندووە و توانیویەتی تا ئێستا ١٠٠ گەنجی فەڵەستینی و ئیسڕائیلی لەو گرووپە کۆبکاتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا ئەو گرووپە سەردانی پایتەختی ئەمریکا واشنتۆنی کرد، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆنسێرتێکیان پێشکەشکرد.
بەر لە دەستپێکردنی کۆنسێرتەکە، دامەزرێنەری گرووپی ھیارتبیات شینەیەر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گرووپەکەمان پردی پەیوەندی لەنێوان ھەردوو گەلی ئیسرائیل و فەلەستین دروستدەکات. پێموایە دەنگی موزیک، دەرفەت بۆ زۆرینەی بێدەنگ دەڕەخسێنێ تاوەکو گوێی لە دەنگی یەکتر بگرن. مۆزیک دەبێتە ھۆی گوێگرتن لە دەنگێک کە جیاوازە لە دەنگی توندوتیژی و دووبەرەکێ."
دەھۆڵچی ئەو گرووپە موزیکیە زیڤ یامین کە خەڵکی ئیسڕائیلە، پێیوایە لەسایەی ئەو پڕۆژەیە ھەردوولا دەرکیان بەوە کردووە کە چەند پێویستیان بە پەیوەندی یەکترە و گوتی: "ھەموو رۆژێک زیاتر دەرک بەوە دەکەم کەس کێشەی لەگەڵ کەس نیە. ھەستم بەوە کرد کە تا چ رادەیەک ھەموان پێویستیان بە قسەکردنە لەگەڵ یەکتری ھەیە. مرۆڤ لە راگەیاندن گوێبیستی زۆر شت دەبێ، ناخوازن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر قسە بکەن، سەرەڕای ئەوەش ھەمویان خواستی قسەکردنیان ھەیە."