Esat Fırat
18 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2021
قودس - AA
دوای هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن جوولەکە دەمارگیرەکانەوە لەژێر پاسەوانی پۆلیسی ئیسرائیل، یەکێتیی ئەورووپا داوای ئارامیی کرد بەهۆی رووداوەکانی قودسی خۆرهەڵاتی داگیرکراوەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی نوێنەرایەتی یەکێتیی ئەورووپا لە فەڵەستین بڵاوکراوەتەوە، نیگەرانیی خراوەتەڕوو سەبارەت بە رووداوەکانی ناو مزگەوتی ئەقسا لە ناوچەی شاری دێرین.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها هاتووە "پێویستە بەرپرسانی ئیسرائیل و هەموو لایەنەکان لە سەرکردە ئایینی و پیاوماقوڵان، دەستبەجێ کار بکەن بۆ راگرتنی ئەو رووداوانە کە تەشەنەیان سەندووە و دەستەبەرکردنی ئارامیی. پێویستە خۆ بەدوور بگیرێت لە هاندان و رێز لە پێگەی قودس بگیرێت''.
- رووداوەکانی مزگەوتی ئەقسا
لە کاتەکانی بەیانییەوە هەزار و ٢١٠ جوولەکە بە پاسەوانی پۆلیسی ئیسرائیل بەبۆنەی رۆژی ماتەم کە پێی دەڵێن Tisha B'Av و بە ساڵیادی رووخاندنی پەرستگای سولەیمان دادەنرێت، هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا.
لە حەرەمی پیرۆز گرژی لەنێوان پۆلیسی ئیسرائیل و ئەو فەڵەستینییانە دروست بوو کە کاردانەوەیان نیشان دا لەهەمبەر هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن جوولەکە دەمارگیرەکانەوە.
پۆلیسی ئیسرائیل فیشەکی پلاستیکی و غازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و ژمارەیەکی زۆر فەڵەستینی دەستگیرکرد.
هاوکات پۆلیسی ئیسرائیل بەربەستی لەبەدەم هەموو دەروازەکانی ناوچەی شاری دێرین دانا کە مزگەوتی ئەقسای لەنێودایە و رێگەی نەدا ئەو فەڵەستینییانە بچنە مزگەوتەکەوە کە تەمەنیان لە خوار ٤٠ ساڵەوەیە.
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن جوولەکە دەمارگیرەکانەوە لە دوای نیوەڕۆشدا بەردەوام بێت، گرژییەکانی دەوری مزگەوتەکە درێژەی هەیە.