Mazın Asad
17 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2016
ئیستانبوڵ - AA
سەرۆکی کۆمسیۆنی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی ئێران عەلائەدین بوروجەردی لەبارەی بەکارھێنانی بنکەی ئاسمانی رۆژئاوای ئێران لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا رایگەیاند لە چوارچێوەی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی تەنھا بە مەبەستی گواستنەوەی سووتەمەنی بەکار دەھێنرێت.
بەپێی ھەواڵێکی فەرمی ئیرنای ئێران، بوروجەردی لە لێدوانێکی لە تارانی پایتەختی ئێران گوتی: "فڕینی فڕۆکەکانی رووسیا لە بنکەی شەھید نوژە-ی هەمەدان بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و ھەماھەنگی ئێران، رووسیا، سووریا و عێراق ئەنجام دەدرێت".
بوروجەردی ئاماژەی بەوەش دا کە بنکە سەربازییەکەکە تەنھا بە مەبەستی گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ فڕۆکەکان لە لایەن رووسیاوە بەکار دەھێنرێت و راشیگەیاند ئەو کارە لە چوارچێوەی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بەڕێوە دەچێت.
سەرۆکی کۆمسیۆنی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی ئێران لەبارەی مشتومڕەکانی بەکارھێنانی ئەو بنکەیە لە لایەن وڵاتێکی دیکە کە گوایە پێچەوانەی دەستووە، روونی کردەوە کە بڕیارەکە بە مانای پێشێلکار لە دەستوور نایەت و گوتیشی: "بنکەی ئاسمانی هەمەدان نە بنکەی رووسیایە و نەش فڕۆکەکانی رووسی لێ جێگیر دەکرێت".
بوروجەردی گشت ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە رووسیا سیستمی بەرگری ئاسمانی جۆری Rus S-٤٠٠ لە بنکەکە نیشتەجێ کردووە و راشیگەیاند ئەو ھەواڵە لە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاو کراوەتەوە و بۆیە ئەو جۆرە ھەواڵانە بێ بنەمان.
لە لایەکی ترەوە ئەندامی کۆمسیۆنی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی ئێران حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە ئەمڕۆ لە دانیشتی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند جێگیرکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە بنکەی ئاسمانی شەھید نوژە-ی شاری هەمەدان پێچەوانەی دەستووری وڵاتە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران عەلی لاریجانیش لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا کە دەنگۆکانی دابینکردنی بنکە سەربازییەکەی ئێران بۆ رووسیا بێ بنەمان و گوتیشی: "ئێران وەک ھاوپەیمانێک لەگەڵ رووسیا کاری ھاوبەش لەبارەی پرسی ناوچەیی وەک سووریا ئەنجام دەدات. ئەمە کارە ھاوبەشە بە مانای پێدانی ئەو بنکەیە بە رووسیا نایەت. ئێران بنکەی سەربازیی بۆ رووسیا یاخود وڵاتێکی دیکە تەرخان نەکردووە".