Gökhan Kavak
14 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2020
ئیستانبوڵ- AA
بەرپرسانی تانزانیا، ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ٥٠٠ خۆبەخش یارمەتی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەیان داوە کە لە چیای کیلیمانجارۆ کەوتووەتەوە.
گوتەبێژی فەرمانگەی پارکە نیشتمانییەکان لە تانزانیا، پاسکال شێلوتێت باسی لەوە کرد کە ئاگرەکە بە یارمەتی خۆبەخشەکان کۆنترۆڵ کراوە.
پاسکال شێلوتێت، ئەوەشی خستەڕوو کە ئاگرەکە لە لووتکەی کیفونیکا بەردەوام بووە و ٥٠٠ خۆبەخش هاوکاربوون لە کوژاندنەوەیدا.
هەرچەندە تا ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزاندراوە، بەڵام نزیکەی ٢٨ کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی سووتاندوە.
چیای کیلیمانجارۆ کە بەرزترین چیای کیشوەری ئەفریقایە و پێنج هەزار و ٨٩٥ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، رۆژی یەکشەممە ئاگری گرت، تا ئێستاش هیچ کەسێک بەهۆی ئاگرەکەوە گیانی لەدەستنەداوە.
کیلیمانجارۆ یەکێکە لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئەفریقا و ساڵانە نزیکەی ٥٠ هەزار گەشتیار سەردانی دەکەن.