Dildar Baykan
11 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2021
واشنتۆن - AA
بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە ١٦ی حوزەیراندا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادەمیر پوتین ئەنجامبدات.
لەو بارەیەشەوە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە لە قۆناغی سەرۆکایەتی خۆیدا لەگەڵ پوتین لە شاری هێلسنکی-ی فینلەندا کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمداریان ئەنجامداوە و نووسیویەتی: "بەپێچەوانەی ئەوەی راگەیاندنە درۆزنەکان دەربارەی کۆبوونەوەکە بڵاویان کردبووەوە، ئەمریکا لەم کۆبوونەوەیەدا رێزی پوتین و رووسیا و زۆر شتی دیکەی بەدەستهێنا".
ترەمپ، ئەو دۆسیەی لێکۆڵینەوانەی تایبەت بە رووسیا لە دژی کرابوونەوە، بە "پلانگێڕی هیلاری کلینتۆن و پارتی دیموکرات" ناو بردووە و ئاماژەی بەوەش داوە کە سەرەڕای ئەو سەختییانەی بەهۆی ئەم دۆسیەی لێکۆڵینەوەیەوە دروستبوون، توانیویەتی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ رووسیا و پوتین دروست بکات.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دەربارەی کۆبوونەوەکەی پوتین و بایدن کە بڕیارە لە ١٦ی حوزەیراندا بەڕێوەبچێت، نووسیویەتی: "هیوای بەختێکی باش بۆ جۆ بایدن دەخوازم. بایدن! لە کاتی کۆبوونەوەکەدا خەوت لێنەکەوێت و راستگۆیانەترین داواکارییەکانت بە پوتین رابگەیەنە".