Muhammet Ali Kemal
03 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2016
شیکاگۆ-AA
سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی رێکخراوەکانی مسوڵمانان لەئەمریکا، ئوسامە جەمال رایگەیاند: "کاندیدی کۆماريیەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ویستوویەتی لە جەژنی قورباندا لەگەڵ کۆمەڵگەی مسوڵمانی ئەمریکی کۆببێتەوە بەڵام داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە".
ئوسامە جەمال وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوی سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ لە ئەمریکا و جیهان دایەوە و، باسی لە گرنگترین بابەتی رۆژەڤی ئەمریکا کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە کرد و ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی ئەو گوتانەیەوە لەبارەیانەوە کردبووی، دۆناڵد ترەمپ هەوڵیدا لەگەڵ کۆمەڵگەی مسوڵمانان لە ئەمریکا کۆبێتەوە.
جەمال باسی لەوەکرد بەرێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ لەویلایەتی ئیڵینۆیز، بەرلە جەژنی قوربان پەیوەندیی بە ئەنجوومەنەکەی ئەوانەوە کردووە و گوتی: ''بەڕێوەبەرەکە ئاماژەی بەوەکرد کە دۆناڵد ترەمپ خوازیارە لەرێوڕەسمی بەرزراگرتنی جەژنی قورباندا کە بە بەشداریی 25 هەزار کەس لە یاریگای تۆیۆتا پارک لە شاری شیکاگۆ بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ مسوڵماناندا کۆببێتەوە و گوتارێکیان پێشکەش بکات. بەڵام کاتێک روونکردنەوە و لێدوانە شەڕئامێزەکانی ترەمپ و ئەو هەڵمەتەی لەدژی مسوڵمانان دەستیپێکردووە، لەبەرچاو گیرا، ئەوەمان پێراگەیاندن کە تاوەکو ئەو کاتەی ترەمپ پێگەی خۆی لەوبارەیەوە روون نەکاتەوە، ناتوانین داواکارییەکەی پەسەند بکەین''.
سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی رێکخراوەکانی مسوڵمانان لەئەمریکا جەختی لەوەکردەوە کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ نوێنەرانی مسوڵماناندا دیاریی دەکات کە ئایا ناوبراو دەتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگەی مسوڵماناندا کۆبێتەوە یان نا و گوتی: ''وەک کۆمەڵگەی مسوڵمانان هیچ کیشەیەکمان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا نییە. ئێمە وەک نوێنەری مسوڵمانان دەمانەوێت لەگەڵیدا کۆببینەوە. دەمانەوێت بۆچوونەکانی سەبارەت بە مسوڵمانان و ئەگەر هات و وەک سەرۆک هەڵبژێردرا، هەڵوێستی چۆن دەبێت بەرامبەریان''.
ئوسامە جەمال ئاماژەی بەوەکرد ئەوان وەک کۆمەڵگەی مسوڵمان، بەیەک چاو تەماشای هەموو لایەنەکان دەکەن و ئامادەیی خۆیانی دەربڕی بۆ ئەوەی لەگەڵ کاندیدەکەی دیکەشدا کۆببنەوە و گوتی: ''هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئەم هەڵبژاردنە تەنها لەنێوان ترەمپ و کلینتۆندا بەڕێوەناچێت، بەڵکو هاوکات پێگەی کۆمەڵگەی مسوڵمان لەئەمریکا و رۆڵی لە داهاتوودا دیاری دەکات''.
جەمال ئاشکرای کرد هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و ئامانجیان ئەوەیە لەسەرانسەری ئەمریکادا بگەنە یەک ملیۆن دەنگدەری مسوڵمانی تۆمارکراو. داواشی لە مسوڵمانانی ئەمریکا کرد کە هەموویان ناوی خۆیان تۆماربکەن و دەنگ بدەن و، گوتی: ''ئەگەر بێت و بمانەوێت وەک مسوڵمانانی ئەمریکا ببینە خاوەنی رۆڵێکی گرنگ لە داهاتووی ئەمریکادا، ئەوا پێویستە لە رێگەی بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنەکاندا هێزی خۆمان پیشانی کۆمەڵگەی ئەمریکی و سیاسەتمادارەکانیان بدەین''.