Hamza mansur
31 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2016
لە دانیشتنەكەدا كە ماوەی 10 سەعاتی خایەند، پەرلەمانی تونس سەندنەوەی متمانە لە حكوومەت بە سەرۆكایەتی حەیب سەید خستە دەنگدانەوە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەیەكی ناو پەرلەمانی تونسی گواستەوە كە سێ پەرلەمانتار دەنگیان لەسەر نوێكردنەوەی متمانە بە حكوومەت داون و 27 پەرلەمانتاریش لە دەنگدانەكە بەشدارنەبوونە و هاوكات 118 پەرلەمانتار نوێكردنەوەی متمانە بەحكوومەتیان رەتكردەوە، لە كۆی 217 پەرلەمانتار، 148 پەرلەمانتار لە دەنگدانەكەدا بەشداربوون.
دەنگدانەكەش، دوای داوایەكی فەرمی هات كە سەرۆكی حكوومەتی تونس لەبارەی سەندنەوەی متمانە لە حكوومەتەكەی ئاراستەی پەرلەمانی كردبووە.
هاوكات لە دانیشتنەكەدا، سەید وەك سەرۆكی حكوومەتی تونس دوا گوتەی پێشكەش كرد و رایگەیاند، لەماوەی راپەڕاندنی ئەركەكانیدا، حكوومەت لە هەموو لایەكەوە ئەركەكانی بەباشی جێبەجێ كردووە هەر چەندە دۆخی وڵات زۆر گرژ و ئاڵۆزە.
سەید گوتیشی: "بۆ باشكردنی دۆخی وڵات، هەموو توانا و هەوڵەكانمان دەخەینە سەر حكوومەتی نوێ، بەرپرسیاریەتی باش و خراپی حكوومەتیش هەر ئێمە لەئەستۆی دەگرین".
لە كۆتایی قسەكانیدا سەید ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای سەركەوتنی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە تونس بەڵام هێشتا تیرۆر بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات مەترسی و هەڕەشەن، بۆیە پێویستە لەسەر حكوومەتی داهاتوو هەوڵەكانی زیاتر بۆ رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر بخاتەگەڕ.
حەبیب سەید تەمەن 67ی ساڵ لە شوباتی ساڵی 2015 پۆستی سەرۆكی حكوومەتی تونسی گرتە دەست كە سەربە هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی نییەوە، هاوكات لە دەستووری تونسدا هاتووە، لەو كاتەی پەرلەمان متمانە لە حكوومەت دەسەنێتەوە، سەرۆكی وڵات كەسێكی دیكە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ رادەسپێرێت.
لە ماوەكانی رابردووشدا، سەرۆكی بزووتنەوەی نەهزە لە تونس راشد غەنووشی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووپاتی كردبووە، وتوێژەكان لەبارەی هەڵبژاردنی حكوومەتی نوێ هەفتەی داهاتوو دەست پێدەكات.