Halime Afra Aksoy
28 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2021
تونس - AA
سەرکۆماری تونس، قەیس سعەیید ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دەوڵەتی لە کار دوورخستەوە.
لە بولتەنی رائید سەربە دەوڵەتی تونس بڵاوکرایەوە کە سەرکۆماری ئەو وڵاتە، قەیس سعەیید ژمارەیەک بڕیاری نوێی سەبارەت بە دوورخستنەوەی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت دەرکردووە کە لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە لە دوورخستنەوەیان.
لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا، بەڕێوەبەری دیوانی سەرۆکایەتی وەزیران، موعزلدینڵڵا موقەدەم و سکرتێری گشتیی حکوومەت، وەلید زەهەبی و راوێژکارانی سەرۆکوەزیران، رەشاد بن رەمەزان، شەشیم تەییساوی و موفدی مەسەدی و سەرۆکی دەستەی گشتیی شەهیدان و جەنگاوەرانی شۆڕش و تیرۆر، عەبدولڕەزاق کەیلانی لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.
قەیس سعەیید هەروەها کۆتایی بە ئەرکی هەشت راوێژکار و هەشت کارمەند هێناوە کە لە هەمان دیوان کار دەکەن.
سەرکۆماری تونس، قەیس سعەیید لە ٢٦ی تەمووزدا، سەرۆکوەزیران، هەروەها وەزیرانی بەرگریی و دادی لەکار دوورخستەوە.
سەرۆکوەزیرانی تونس، هیشام مشیشی دوای ئەو بڕیارە لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر سەرکۆمار سەرۆکوەزیرانێکی نوێ دابنێت، ئەوا لە پێناو ئاسایش و مافی گەلدا پۆستەکەی رادەست دەکات.
لە ٢٥ی تەمووزدا لە تونس سەدان کەس خۆپیشاندانیان دژبە حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن ساز کرد و لەرووداوەکاندا، هێرش کرایە سەر بارەگای پارتەکان بەتایبەتی پارتی بزووتنەوەی نەهزە.
سەرکۆماری تونس، قەیس سعەیید ئاماژەی بەوە کردبوو کە تەواوی دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی سڕکردووە، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران هەڵگرتووە، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، هیشام مشیشی لە پۆستەکەی دوورخستووەتەوە و بە سەرۆکوەزیرانێک کە خۆی دایدەنێت، کارەکان بەڕێوەدەبات.
لە دوای ئەو کودەتایەی بەرامبەر حکوومەت کرا، سەربازان رێگەیان نەدا سەرۆکی پەرلەمان و بزووتنەوەی نەهزە، راشد غەنوشی و پەرلەمانتاران بچنە پەرلەمانەوە.