Mazın Asad
28 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2017
مەقادیشۆ - AA
بەھۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، حەوت کەس بوونە قوربانی و ١٠ی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە نەخۆشخانەی سۆماڵ دەست کەوتوون، تەقینەوەکە ھۆتێلی ناسۆ ھابلۆد لە شاری مەقادیشۆ کردە ئامانج و بەھۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەست دا و ١٠ی دیکەش بریندار بوون.
دوای رووداوەکە ژمارەیەک لە ئامبولانس بۆ شوێنی رووداوەکە گواسترانەوە و بریندارەکان گەیەندرانە نەخۆشخانەکانی شارەکە.
سەرچاوەکانی ئەمنی سۆماڵ رایانگەیاندووە کە شەڕوپێکدادان لە نێوان کارمەندانی ئەمنی ھۆتێلەکە و ھێرشبەرەکان روویداوە. ئاماژە بەوەش دەکرێت کە دوای تەقینەوەی یەکەم، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوێکی دیکە لە نزیک باڵەخانەی پەرلەمانی پێشووی سۆماڵ تەقیوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەست کەوتوون، ژمارەیەک شاند بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکۆماری سۆماڵ محەمەد عەبدوڵڵا فەرماجو بۆ شاری مەقادیشۆ ھاتبوون.
لە لایەکی دیکەوە رێکخراوی تیرۆریستی ئەلشەباب بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی یەکەم راگەیاند، بەڵام ھیچ لایەنێک تاکو ئێستا تەقینەوەکەی دووەمی لە ئەستۆ نەگرتووە.
تاکو ئێستا بەرپرسانی سۆماڵ ھیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی ھێرشەکان نەکردووە.