Zana Natık Kerem
05 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2017
مۆگادیشۆ ــ AA
سەرۆكوەزیرانی سۆماڵ، حەسەن عەلی خەیری رایگەیاند كە بەهۆی ئەو وشكە ساڵییە كە باشووری رۆژئاوای وڵاتەكەیانی گرتووەتەوە ، ١١٠ كەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەم لێدوانەی حەسەن عەلی خەیری دوای كۆبوونەوەیەك هات كە لەگەڵ بەرپرسانی لیژنەی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكە ساڵی سازی كرد كە تیایدا رەوشی برسێتیان تاوتوێ كرد كە بەهۆی وشكە ساڵییەوە بووەتە هەڕەشە بۆسەر ژیانی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە.
ئاژانسی هەواڵی سۆنای سۆماڵ لە حەسەن عەلی خەیری گواستەوە كە لەمیانی سێ رۆژی رابردوودا بەهۆی وشكە ساڵی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سكچوون لە ناوچەی ئەدینلی سەربە شاری بەیدەوا سەربە هەرێمی بای باشووری رۆژئاوای وڵات، ١١٠ كەس گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆكوەزیرانی سۆماڵ ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ئێستادا، ٥٠ لەسەدای هاووڵاتییانی سۆماڵ بەدەست ئاسەواری وشكە ساڵییەوە دەناڵێنن كە زۆربەی ناوچەكانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
حەسەن عەلی خەیری دووپاتیشیكردەوە كە حكوومەتەكەیان هەموو هەوڵەكانی دەخاتە گەڕ بۆ رزگاركردنی ئەوانەی كە ئێستا رووبەڕووی وشكە ساڵی بوونەتەوە.
سەرۆكوەزیرانی سۆماڵ ئەوەشی گوتووە "بەهاوكاری لەگەڵ دەوڵەمەند و خاوەن كارەكانی سۆماڵ، هاوكاری و یارمەتی بەپەلە دەگەینرێتە ئەوانەی كە وشكە ساڵی رووی تێكردوون.
پێشتریش سەرۆكی سۆماڵ، محەمەد عەبدوڵڵا فەرماجۆ رایگەیاندبوو كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی برسیەتی و وشكە ساڵی كە زۆربەی ناوچەكان دەگرێتەوە، وڵاتەكەیان رووبەڕووی كارەساتێكی گەورە دەبێتەوە.
لە ساڵی ٢٠١١دا، وشكە ساڵی ناوچەكانی سۆماڵی گرتەوە كە بەهۆیەوە ٢٦٠ هەزار كەس گیانیان لەدەستدا.